Skip to the content
Menu

لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆنفرانسێک لەسەر ڕەوشی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری تورکمان ئەنجام دەدات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١١/٨، لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی وەرزش و لاوان بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، کۆنفرانسێک لەسەر ڕەوشی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری و کاری ڕێکخراوە تورکمانیەکان لەھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مونا نەبی قەھوەچی سکرتێری پەرلەمان و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەی ڕۆشنبیری و ژمارەیەک لەئەندامانی پێکھاتەکان و ڕۆژنامەنوسانی پێکهاتەی تورکمان ئەنجامدا.

سەرەتای کۆنفراسەکە ئازاد ئەکرەم کورەچی ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پێکھاتەی تورکمان لەوتەیەکدا ئامانجی کۆنفرانسەکەی خستەڕوو، دواتر مونا نەبی قەھوەچی سکرتێری پەرلەمان بەناوی سەرۆکایەتی پەرلەمان وتارێکی پێشکەش کرد، سوپاسی لیژنەی ڕۆشنبیری کرد بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە و داوای کرد کە لەم کۆنفرانسەدا کێشە و گرفتەکانی ڕەوشی ڕۆنامەگەری و ڕۆشنبیری و کلتوری تورکمانی گفتوگۆی جددی لەسەر بکرێت و ژمارەیەک ڕاسپاردە گەڵاڵە بکرێت و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن، لەبەشێکی تری وتەکانیدا ستایشی پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانی کرد لەهەرێمی کوردستان.

دواتر چەند پانێڵێک لەلایەن ڕاوێژکارانی لیژنەی ڕۆشنبیری و چەند چالاکوانێکی ڕۆژنامەگەری تورکمانەکان، لەسەر ڕۆڵ و پێگەی تورکمان لەپرۆسەی سیاسی، پەیوەندی مێژووی نێوان نەتەوەی کورد و تورکمان ، ئاراستەی کاری ڕۆژنامەگەری تورکمان ، ھەروەھا ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم بەرەو پێشچوونی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری تورکمان پێشکەش کران، دواتر بەچەند چالاکیەکی ھونەری تورکمانی کۆتایی بە کۆنفرانسەکە ھات.