Skip to the content
Menu

لە ڕۆژی جیھانیی لێبووردەییدا
لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینى گفتوگۆیه‌کی دەربارەی پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاینی و لێبووردەیی لە هەرێمی کوردستان سازکرد

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لێبووردەییدا، سه‌عات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممه‌ ٢٠٢١/١١/١٥، لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، به‌سه‌رپه‌رشتیی مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆکی لیژنەو ئاماده‌بوونی بریاردەر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامانی لیژنەكه‌ و ژمارەیه‌ک له‌ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پێکھاتە جیاوارەکانی پەرلەمان، پێشوازیی لە ژمارەیه‌ک کەسایەتیی ئاینیی پێکھاتەکانی کوردستان کرد.
لە دانیشتنەکەدا ئامادەبووان گفتوگۆیان دەربارەی پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاینی و لێبووردەیی لە هەرێمی کوردستان کرد و بە یەکێک لە ڕووە گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیان دانا، کە هەمیشە مایەی شانازیی خەڵکی کوردستان و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
ھەروەک داواکاربوون ھەموو لایەک کاری زیاتر لەسەر گەشەپێدانی ھزری میانڕەویی بەیەکەوەژیان بکەن، چونکە کوردستان نیشتمان و ماڵی هەموومانە و پێویستە کار بکەین لەپێناو ھێشتنەوەی کوردستان وەک نموونەیه‌کی ھەرە دیاری لێبووردەیی و بەیەکەوەژیان، چونكە بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لەسەر بنەمای دانپیانان بەیەکتری دروست دەبێت، بەوەی ھەموو کەس مافی بوونی هەیە و مافی ئەوەشی هەیە کە جیاواز بێت لە ڕووی نەتەوە و ئاین و زمان و ڕەگەزەوه‌، کە ئەم جیاوازییانە بنچینەی ژیانی مرۆڤایەتی دروست دەکات.
لە بەشێکی دیكه‌ی گفتوگۆکەدا بە گرنگییەوە باس لە ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان کرا لە بەرجەستەکردنی بیرۆکەی بەکەوەژیانی ئاشتییانە لەو یاسا و بڕِیارانەی کە پەسەندی کردوون، بە تایبەت ھەریەک له‌ یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی ۱۹۹۲ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە لەڕێی سیستمی کۆتا مافی پێکهاتەکانی لە نێو پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگه‌ر کردووە، هەروەها یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ۲۰۱٥ کە مافی پێکهاتەکانی لە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان مسۆگه‌ر کردووە.
ئینجا لەلایەن پ.ی. د. ئاده‌م بێدار، باس لە چۆنیەتیی ئامادەکردنی كتێبی (هه‌مه‌چه‌شنی و فره‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو) کرا، کە توێژینەوەکە لەسەر بابەتی لێبووردەیی و بەیەکەوەژیانە، خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی و ئینستیتوتی تۆلێرانسی بێ سنووری ئاڕاستەی لیژنەی ئەوقاف کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و بایەخدانیان بە کلتووری لێبووردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە ھەرێمی کوردستاندا.
ئینجا کتێبی (هه‌مه‌چه‌شنی و فره‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو) بەسەر ژمارەیه‌ک پەرلەمانتاردا دابەش کرا.
لە كۆتاییشدا خەلاتی ڕێزلێنانی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی پێشکەشی بەڕێز پ. ی. د. ئاده‌م بێدار کرا لە ھەمبەر نووسینی كتێبەکەی بۆ زیاتر بلاوکردنەوەی ھوشیاریی لێبووردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە ھەرێمی کوردستان.
شایەنى باسە لە ساڵی (١٩٩٥)ەوە، ڕێکخراوی یۆنێسکۆ ڕۆژی شازدەی نۆڤێمبەری وەک ڕۆژی لێبووردەیی ڕاگەیاندووە.