Skip to the content
Menu

لە کۆبوونەوەی ئاسایی لێژنەی ئەوقافدا چەند پرسێک تاوتوێکران

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بەكاری لێژنەكە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/١١/١٠ لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی ھەورەمان گەنچینەیی سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لێژنەكه‌، كۆبووەی ئاسایی خۆی سازكرد.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشتانە كرا كەئاڕاستەی لێژنەی ئەوقاف‌ كرابوون، دوای گفتوگۆكردن وگۆڕینەوەی بیرورای ئەندامان ئەوانەی پێویستییان به‌وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كران، به‌مه‌به‌ستی ئاراستەكردنیان بۆلایەنەپەیوەندیدارەكان.

لە تەوەرێکیتردا، باس لەسەردانەسەرکەوتووەکەی شاندی لیژنەکە بۆ ژمارەیەک لە وڵاتی ئەوروپا کرا، کەبوونی لیژنەیەک لەپەرلەمانی کوردستان بەناوی ئەوقاف و کاروباری ئایینی مایەی سەرسامی وڵاتان بوو، لەم روانگەیەوە دەستخۆشی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا، کە لەچوارچێوەی لیژنەیەکدا کاروباری سەرجەم ئایینەکانی رێکخستووە ئەمەشیان بەنیشانەی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان دانا.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لەكێشەوگرفتەكانی قوتابیانی قوتابخانە و خوێندنگەكانی خوێندنی ئیسلامی كرا، بەپێویست زاندرا جارێکیتر داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت چارەسەری کێشەکانیان بکات، بەتایبەت کێشەی وەرنەگرتنیان لەزانكۆ و پەیمانگەكان ، چونكە بەپێی یاسا بروانامەی ئامادەیی ئیسلامی بەرامبەر كراوە لەگەڵ بروانامەی قۆناغی ناوەندی و ئامادەییەكانی سەربەوەزارەتی پەروەردە.