Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا لەگەڵ سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمان کۆبووەوە

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بوودجەی ساڵی ٢٠٢٢ی پەرلەمانی کوردستان نیوەڕۆی ئەمرۆ یەكشەممە ٢٠٢١/١١/٧ لێژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا بەسەرپەرشتی د.ئیسماعیل سگیری سەرۆکی لێژنە و بە ئامادەبوونی جێگرو ئەندامان و راوێژکارانی لێژنەکە، لەگەڵ ئەردەلان محمد سەرۆکی دیوانی پەرلەمان و ھیوا نصرالدین جێگری سەرۆکی دیوان و ڕەوەند سامی بەڕێوەبەری کاروباری دارایی کۆبوونەوە.

لەکۆبونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەسەر بودجەی دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و شێوازی خەرجکردن و بڕی بودجەی تەرخان کراوی ساڵی ٢٠٢٢، لەمبارەیەوە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە سەرنج و تێبینیەکانیان خستەڕوو و داوایان لە سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان کرد، کە ھەماھەنگی زیاتر ھەبێت لە نێوان لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا لەگەڵ دیوانی پەرلەمان بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی زیاتری بابەتە کارگێڕی و داراییەکانی پەرلەمانی کوردستان.