Skip to the content
Menu

لیژنەی پێشمەرگە پێشنیازه‌یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان ئاڕاستەی سەرۆکایەتبی پەرلەمان دەکات

به‌مەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی پەیوەست بە کێشە و گرفتی ھێزەکانی پێشمەرگە، پێشنیوەڕوی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١١/٢٢، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤنگ هروری، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
ته‌وه‌رى یه‌كه‌می کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ خستنەڕووی ئەو نووسراو ڕاپۆرتانەی ئاڕاستەی لیژنەكه‌ کرابوون، دوای گفتوگۆکردنیان ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە هه‌بوو وەلامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
تەوه‌رێکی دیكه‌ى کۆبوونەوەکە قسەکردن بوو لەسه‌ر هەندێک کێشە و گرفتی لیواکان و هێزەکانی پێشمەرگە، لەو چارچێوەیەشدا لیژنە بڕیاریدا سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بکات و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆببێتەوە بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا پێشنیازەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆئەوەی لە ڕێگەی ئه‌وانه‌وه‌ ڕا و بۆچوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی ھەرێم لەسەر لێکەوتەکانی ئەو پێشنیازە وەربگیرێت.