Skip to the content
Menu

لیژنەی کۆمەڵایەتی و داکوکیکردن لە مافی مرۆڤ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی چاکسازییەکان و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکانی ھەرێم کۆبووەوە

بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی چاکسازییەکان و بەڕێوەبەرایەتییه‌ گشتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، پێشنیوەڕوی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١١/٢٢، لیژنەی كاروبارى کۆمەڵایەتی و داکوکیکردن لە مافی مرۆڤ، به‌سه‌رپه‌رشتیی ڕۆمیۆ هه‌كارى، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی چاکسازییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا کە لە ھوڵی پەناگیری لە ته‌لاری پەرلەمان بەڕێوەچوو، سەرەتا سەرۆکی لیژنە مەبەستی کۆبوونەوەکەى بۆ شاندی میوان خستە ڕوو كه‌ بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاریی پێویستە سه‌باره‌ت به‌ ھەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری و چاکسازییەکان.
دواتر دەرفەت بە بەڕێوەبەرەکان درا بۆ خستنەڕووی کێشە و گرفتەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان و باسیان لە کێشەی کەمیی بینای چاکسازییەکان کرا، کە ئەمەش گرفتێکی گەورەیە لەبەردەم چاکسازییەکان، چونکە دەبێتە ھۆکاری قەرەبالغیی زۆر لەناو چاکسازییەکان و کەمیی پاسەوانانی ناو چاکسازییەکان و کەمیی توێژەری کۆمەڵایەتی و بودجەی پێویست بۆ چاکسازییەکان و چەندین کەم و کوڕی و گرفتى تر کرد.
لە کوتایی کۆبوونەوەکەشدا ھەموو کێشە و گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و چاکسازییەکان لە ھەرێمی کوردستان بە ڕاپۆرت ئاڕاستەی لیژنەکە کرا و داواشیان لێكردن ھەوڵی زیاتر بدەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ڕِووبەڕووی چاکسازییەکان دەبنه‌وه‌، لیژنەكه‌ش بەڵێنی ئەوەى بە شاندی میوان دا کە ِڕاپۆرتی کۆبوونەوەکە بکرێتە یاداشت و ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆئەوەی دانیشتنێکی تایبەت لەوبارەیه‌وە ئه‌نجام بدرێت.