Skip to the content
Menu

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم به‌دواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی فەرمانگەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێم لە کەرکووک دەکات

بەمەبەستی بەدواداچوون و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ کێشە و گرفتەکانی پەیوەست بە فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێم لە کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە ١٥/١١/٢٠٢١، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم، بەسەرپەشتیی جوان یونس ڕِۆژبەیانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، لەگەڵ نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە کەرکووک و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێم لە کەرکووک کۆبووەوە.
لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کە لە ھوڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان بەڕێوەچوو، بە تێروتەسەلی باس لە ھەموو ئەو کێشە و گرفتانە کرا کە ڕووبەڕووى فەرمانگەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێم لە کەرکووک دەبنەوە، ھەروەھا ئەو ڕێگرییانەی لە کەرکووک بەرامبەریان دەکرێت،
دوای گفتوگۆکردنی چەندین پرسی تایبەت بەو بابەتەوە، لیژنە بەڵێنی ئەوەیان بە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان دا کە ئەوان له‌ ڕێگه‌ی حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێم، ھه‌موو ھەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکرنی کێشە و گرفتانەکانی ئه‌و فەرمانگانه‌ی كه‌ سەر بە حکوومەتی ھەرێمن له‌ كه‌ركووك، ھەروەھا به‌مەبەستی نەھێشتنی ئەو ڕێگرییانەی کە بەرامبەر فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێم لە کەرکووک دەکرێت لیژنە بریاریدا لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە عێراق کۆببێتەوە.