Skip to the content
Menu

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لەبارەی ڕەوشی کۆچبەران لەگەڵ نوێنەرانی فراکسیونەکانی پەرلەمان کۆبووەوە

بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکرنی کێشە و گرفتەکانی کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان و تاووتوێکردنی ئەو پرسە لەگەڵ نوێنەری فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/١١/٢١، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامانی لیژنەكه‌، لەگەڵ نوێنەری فراکسیونەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کە لە ھوڵی پەناگیری لە ته‌لارى پەرلەمان بەڕێوەچوو، سەرۆکی لیژنە باسى لە ڕەوشی کۆچبەرانی کورد لە سنووری وڵاتانی بیلاڕِووسیا و پۆڵەندا کرد، کە ژیان و گۆزەرانیان لە دۆخێکی زۆر خراپدایه‌، لەوبارەیه‌وە سەرۆکی لیژنە، تیشکی خستەسەر بەرنامەی سەردانەکەیان بۆ ئەو وڵاتانە، کە بِریارە بەمزووانە ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی ھەرچی زووە چارەسەرێكی گونجاو بۆ کێشە و گرفتەکانی کۆچبەران بدۆزرێته‌وه‌.
لەلایەن خویانەوە ئەندامان و نوێنەرانی فراکسیۆنەکان، پێشوازییان لەو ھەولانە کرد کە لەلایەن لیژنەكه‌وه‌ دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی کۆچبەران و ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونەکانی لیژنەكه‌یان کرد و داوایان کرد کە مۆڵەتیان پێبدرێت بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانیان بۆ شاندی سەردانەکە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بڕیار درا دوای گەڕانەوەی شانده‌كه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌یان، سەردانی وەزیری دەرەوه‌ و وه‌زیرى کۆچ و کۆچبەرانی حکوومەتی عێراقیش بکرێت و بە ئامادەبوونی شاندی حکوومەتى هه‌رێم دانیشتنێكی تایبه‌تی پەرلەمان لەسەر ئه‌و پرسه‌ و ده‌رئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت.