Skip to the content
Menu

لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ سەکۆی بەشداریی گشتیی ڕاپەڕین کۆبووه‌وه‌

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١١/٢٢، لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، بەسەرپەرشتیی لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ژماره‌یه‌ك لە ئەندامانی لیژنەكه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ژمارەیەک چالاکوانی بواری گەشتوگوزار كۆبووه‌وه‌، کە وەک نوێنەری سەکۆی بەشداریی گشتیی ڕاپەرین سەردانی لیژنەكه‌یان کردبوو.
شاندی میوان کۆمەڵێک ڕاسپاردەیان ئاڕاستەی لیژنەكه‌ کرد بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار، ڕاسپاردەکان دەرئەنجامی چەند کۆنفڕانس و توێژینەوەیەک بوون کە بەمەبەستی چارەسەرکردن و خستنەڕووی بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی زیاتری گەشتوگوزار ئەنجام درابوون.
دواتر سەرۆک و ئەندامانی لیژنەكه‌ سوپاسی شاندى میوانەکانیان کرد بۆ گرنگیدانیان بە دەوڵەمەندکردنی پیشنیازەیاساکە و دڵنیاییاندا کە سوود لە ھەموو ڕِاسپاردەکان وەردەگرن و لە کاتی نووسینەوەی ڕِاپۆرت لەسەر پێشنیازەیاساكه‌ جێگه‌ی سەرنجەکانیان دەکرێتەوە.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا سەرۆک و ئەندامانی لیژنەكه‌ کاری ھاوبەش و ھەماھەنگی لە نێوان ڕِێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لیژنەی شارەوانییان بەگرنگ وەسف کرد.