Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە مەڕاسیمی ڕۆژی زمان و کلتوری تورکمانی کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠٢١/١١/١٧ منی نبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە یادی ڕۆژی زمان و کولتوری تورکمان کرد.

لە مەڕاسیمێکدا، کە هەر یەک لە حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیری، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، هاکان کاراچای کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حیزبی و حکومی ئامادەیبوون، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بەم بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە وتارەکەیدا، سکرتێری پەرلەمان جەختی لەو پێکەوەژیانە کردەوە کە لە نێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکاندا هەیە، و ڕایگەیاند "پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، لەوپەڕی بەرزیدایە و بە یاسا مافەکانمان پارێزراوە و بە مانای مانەوەی نەتەوەییمانە"، لە درێژەی وتارەکەیدا سکرتێری پەرلەمان نیگەرانی خۆی نیشاندا لە هەوڵی ئەو لایەنانەی کە دەخوازن کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان کەمبکەنەوە، و ڕایگەیاند "لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دواتر لەساڵی ٢٠٠٩، مافی دەنگدان و بەشداری و ڕێژەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەقنووس کراوە" کە مەبەستی سەرەکی لەم دەقە یاساییە ئەوەیە کە ماف و داخوازییەکانی پێکهاتەکان بپارێزرێت.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەیە:

بەرێزان

ئەم کاتەتان باش

زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە ئەمرۆ بەشداری لە مەراسیمی یادکردنەوەی رۆژی زمان و کەلتوری نەتەوەی تورکمان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەین، بەم بۆنەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم هاووڵاتیانی نەتەوەی تورکمان و هەرێمی کوردستان دەکەین.

رۆژی ١٧ی ١١ی هەموو ساڵێک، رۆژی زمان و کەلتوری نەتەوەی تورکمانە، پەرلەمانی کوردستان بەبریاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠، بەئامانجی پتەوکردن و دەوڵەمەندکردنی فرەیی کەلتوری لەهەرێمی کوردستان ئەم رۆژەی وەک بۆنەیەکی فەرمی بۆ نەتەوەی تورکمان دیاریکردوە، زمان ناسنامەو کۆڵەگەی ژیان و مانەوەی نەتەوەییە، لە هەرێمی کوردستان زمانی فەرمی کوردییە بەڵام بۆ ئێمەی نەتەوە جیاوازەکان کە بەیاسا لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە ئازادین کە بە زمانی دایکی نەتەوەیی خۆمان بخوێنین و بنوسین، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لەو پەری بەرزیدایە و بەیاسا مافەکانمان پارێزراوە و بەمانای مانەوەی نەتەوەییمانە.

بەرێزان پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە جیاوازەکان لەهەرێمی کوردستان لەوپەڕی ئاست بەرزی دایە و کوردستان بۆتە لانەی ئەو پێکەوە ژیانە، بەڵام بەداخەوە لێرە و لەوێ زۆر هەوڵ دەبینین لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی بۆ تێکدانی ئەو پێکەوە ژیانە و هەوڵ بۆ سرینەوەی شوناس و مێژوو و ئەدەب و کەلتوری نەتەوە جیاوازەکان دەدەن و باس لە کەمکردنەوەی رێژەی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان دەکەن، بۆیە لێرەوە و لەو بۆنەیەدا رایدەگەیێنم کە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩، مافی دەنگدان و بەشداری و رێژەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەقنووس کراوە، نوێنەرانی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیەکی راستەقینەی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانە دەکەن،

مەبەستی سەرەکی لە پێدان و دیاریکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بۆ پاراستنی ماف و گوزارشتکردن لە ویستەکانیان و بەرگریکردن لە مافەکانی خۆیان بوە، بەڵام بەداخەوە لە کاتی ململانێی سیاسی نێوان لایەنەکان و یەکلاییکردنەوەی پرس و پێشهاتێکی سیاسی لە پەرلەمان، لێرە و لەوێ هێرشی نارەوا دەکرێتە سەر پێکهاتەکان ئاماژەی ناراستەوخۆ بەهەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدرێت بەئامانجی کەم کردنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتە نەتەوەییەکان، پێکهاتەکانی کوردستان هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە بەمەبەستی دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی رێژەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەنەوە و وایدەبینن کە هەوڵێکە بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و پێشێڵکردنی مافی پێکهاتەکان.

 پێکهاتە نەتەوەییەکانی کوردستان سیاسەت و بەرنامەی سیاسی و پەرلەمانیان لەسەر بەرژەوەندی و خزمەتکردنی هاووڵاتیانیان بنیات ناوە و لەم چوارچێوەیەشدا هاوپەیمانی و کاری هاوبەشی پەرلەمانییان رێک خستوە لەم رووەوە بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهاتوە ئاراستەی کارکردنی پێکهاتەکان دیاری بکات و بەپێی بەرژەوەندییە شەخصی و حزبییەکانی خۆی بریار و لێدوان لەسەر پێکهاتەکان بدات، هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان و هەرگیز قەبوڵکراو نیە و لای پێکهاتەکان بەتەواوی رەتدەکرێتەوە.

هەمیشە شاد و سەرکەوتوو بن.