Skip to the content
Menu

په‌یامی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌ت له‌ ڕۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان، ٢٥ی نۆڤێمبەر، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت لە سەرتاسەری جیهان، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) بریاری لەسەر دراوه‌ و ساڵانە وڵاتانی جیهان بە چەندین پڕۆژە و چالاکیی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی تاوانەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان دەبنەوە و پەیامی (جیهان پرتەقاڵی دەکەین)، بە گوێی مرۆڤایەتیدا دەچرپێنن، وەک هێمایەک بۆ بنیاتنانی جیهانێکی خالی لە توندوتیژی و پڕ لە ئاشتی و خۆشەویستی.
لەم بۆنە گرنگەدا، لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵێن دووپات دەکەینەوە بۆ ئافرەتانی هەرێمی کوردستان، کە بەردەوام بەدواداچوون بکەین بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان و پارێزگاری لێکردنیان لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پرۆسەی یاساکاریشەوە هەر بابەتێکی تایبەت بە مافەکانی ئافرەتان پێویستیی بە دەرچوواندنی یاسای نوێ یان هەموار و هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی بەرکار بێت، ئەوا بە دڵنییایەوە ئەنجامی دەدەین، بە تایبەتی ئەو یاسایانەی هەناسەی جیاکاریی ڕەگەزییان تێدا بەدی بکرێت، لێرەوە ڕایدەگەیەنین بە هەموو توانایەکمانەوە دژی توندتیژی بەرامبەر بە ئافرەت و خێزان دەوەستینەوە و بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی ئافرەتان دەبین.
لەو چوارچێوەیەشدا، پەرلەمانی کوردستان لە دانشتنی ژمارە (٧)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١٠/٢٣، بە پاڵپشتیی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ (پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت) كرد، هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکی کورتدا بە هەماهەنگیی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆی چڕوپڕِی لەبارەوە بکەین، بە ئومێدی ئەوەی لەم خولەی پەرلەمان پەسەند بکرێت، تاوەکو چارەسەری زۆرێک لەو کێشانە بکات کە پێشتر ببوونە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی هەندێ لە ماددە و بڕگەکانی (یاسای ژمارە ۸ی ساڵی ۲٠۱۱، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان)، کە ۱٠ ساڵ خزمەتی بەم پرسە کردووە.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا با هەموومان بەیەکەوە جیهان پرتەقالی بکەین و هەنگاوەکانمان بۆ جیهانێکی پڕ لە ئاشتی و خۆشەویستی و بێ توندوتیژی بێت.
لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/١١/٢٥