Skip to the content
Menu

ڕِاگەیاندراوێک لە لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی بۆ ڕای گشتی و پەنابەرانمان لە وڵاتی بیلاڕووسیا

ھاووڵاتییانی ئازیز، ماڵبات و کەسوکاری پەنابەرانمان لە وڵاتی بیلاڕووسیا و وڵاتانی دیکە، لە کاتێکدا کە کۆچی گەنجانمان بۆ دەرەوە و دیمەنەکانی سەر سنووری نێوان بیلاڕِووسیا و پۆلۆنیا ھەموومانی نیگەران کردووە و لە ھەوڵەکانمان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەت بەردەوامین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان و چارەسەرکردنی ھۆکارەکان و لە دواھەوڵی ئێمە بۆ ئەو پرسە نیشتیمانییە، بڕیاری سەردانمانە بۆ سنووری ئەو وڵاتانە تا لە نزیکەوە لە موعاناتی خەڵکی خۆمان ئاگادار بین و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە قسە بکەین، ئا لەو ساتەدا پەرلەمانتار بەڕێز (سیروان بابان)، کە ھاوکات ئەندامی لیژنەکەشمانە بێگوێدان بە ھەست و سۆزی کەسوکاری پەنابەرانمان و دوور لە ئیتیکی کاری پەرلەمانتاری لە کەناڵی ڕووداو ھەواڵێکی دوور لە ھەموو ڕاستییەک بڵاو کردۆتەوە کە گوایە یەکێتیی ئەوروپا بڕیاری داوە سنوورەکانی پۆلۆنیا واڵاکات تا ئەو کۆچبەرانەی ئێمە لە بیلاڕووسیاوە ڕوو لە ئەوڕوپا بکەن.
ئەم لێداونەی پەرلەمانتاری ناوبراو پێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا و سیاسەتی ئەم وڵاتانەیە کە جەخت لەسەر تووندوتۆڵکردنی زیاتری سنوورەکانی پۆلۆنیا و لیتوانیا دەکەنەوە و داوا دەکەن خەڵک ئەم ڕێگایانە نەگرنەبەر تا تووشی ئەو نەھامەتییە نەبن و پارەکانیان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە نەدزرێت،.
بۆیە ئێمە وەک لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو ھەواڵەی ناوبراو کە دوور و نزیک گوزارشت لە ڕای لیژنەکەمان و پەرلەمان ناکات، ھاوکات پێمان وایە ئەو ھەواڵە بەشێوەیەکی خراپ ھانی گەنجی ئێمە دەدات کە ڕێگەی ھات و نەھات بگرنەبەر و تووشی نەھامەتی و مەرگەسات بن.
لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان
١١ی ١١ی ٢٠٢١