Skip to the content

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ڕۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان

به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان،  ٢٥ ی نۆڤه‌مبه‌ر، ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی ١٦ شانزه‌ ڕۆژه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان،  جارێكی تر پاڵپشتی و ڕووانگه‌ی یاساییانه‌ی خۆمان بۆ ڕای گشتی ده‌خه‌ینه‌ ڕوو، به‌ ئاڕاسته‌ی گۆڕینی تێگه‌یشتنی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ بۆ دۆخی ژنان و كچان و ئازادییه‌كانیان له‌ هه‌موو وێستگه‌ و سێكته‌ره‌كانی ژیاندا،  وه‌ك ده‌زانین ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، كاریگه‌رییە نه‌رێنیه‌كانی له‌سه‌ر ژن دوو هێنده‌ی پیاوانه‌، جارێك ژن وه‌ك تاك  ڕووبه‌ڕووه‌ له‌گه‌ڵ نه‌هه‌ماتییه‌كان، جارێكیش وه‌ك دایك و ژنی ماڵ، له‌ ژێر فشاری دۆخی ناله‌باری ژیاندا گیرۆده‌ی خه‌می به‌ڕێوه‌بردنی خێزانه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و شوێنی كاریشدا، ئاماره‌كانی پێشێلكاری و زه‌وتكرنی مافه‌كانی ژنان، به‌كاڵا سه‌یركردنی ژن، ئاماژه‌ی دڵخۆشكه‌ر نین، له‌م سۆنگەیەوە ئه‌ركی ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی یاساییه‌، بۆ دامه‌زراوه‌ فه‌رمی و ڕێكخراوه‌كانی بواری داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ژنان و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌ په‌یوه‌نداره‌كان،  به‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی پشتیوانی بۆیان، له‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرس و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جیاوازه‌كان، له‌م پێناوه‌شدا په‌رله‌مانی كوردستان ڕۆژی ٢٠٢١/١١/٢٣  خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پێشنازه‌ یاسای ( به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ خێزان و ئافره‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان) كرد،  ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ په‌رله‌مان له‌ ڕابردووشدا به‌ یاسای ژماره‌ (٨) ی ساڵی ٢٠١١ ( یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی له‌ هه‌رێمی كوردستان - عێڕاق)، ئه‌ركی یاسایی خۆی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژیدا جێبه‌جێكردووه‌، به‌ڵام دوای جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ و ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێك كه‌موكوڕی و ئاسته‌نگ، پێویستیی په‌سه‌ندكردنی یاسایه‌كی نوێی گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی تازه‌ بووه‌ته‌ ئه‌ركی په‌رله‌مان.

بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ ته‌واوی ڕێكخراوه‌كانی بواری مافی ژنان و مرۆڤ ده‌كه‌ین كه‌وا به‌ ڕووانگه‌ و  تێڕوانینی لۆژیكییانه‌ی خۆیان  له‌سه‌ر بارودۆخی ژنان به‌گشتی و پێشنیاره‌كانیان، یارمه‌تیده‌ربن له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی یاسا تازه‌كه‌دا.

هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتووبن.

د. ڕێواز فایه‌ق

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

٢٠٢١/١١/٢٤