Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان سه‌ردانی دەستەی وەبەرھێنان ده‌كات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/١١/١٧، شاندێكی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان، بەسه‌رۆكایه‌تیی ھاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و ژماره‌یه‌ك لە ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی دەستەی وەبەرھێنانی کرد و لەگەڵ د. محه‌مه‌د شوکری، سەرۆکی دەستەى وه‌به‌رهێنان و بەشێک لە بەڕێوبەرە گشتییەکانی دەستەكه‌ کۆبووەوە.
لە دیدارێكدا چه‌ند پرسێكی گرنگ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا، لەوانە هەمواری یەکەمی یاسای وەبەرھێنان، ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ ئەو پڕۆژانەی کە ھاووڵاتییان بە بڕێک پارە بەشداربوون، بەڵام پڕۆژەکان وەستاون و کاریان تێدا ناکرێت، كه‌ ئه‌وانیش بریتین لە پێنج پرۆژە لە پارێزگای ھەولێر، چوار پرۆژە له پارێزگات دھۆک، یەک پڕۆژە له پاریزگای سلێمانی.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا بڕیاردرا کۆنفڕانسێکی گشتگیر لەسەر ھەمواری یاسای وەبەرهینان ئەنجام بدرێت، بە ھەماھەنگیی دەستەی وەبەرھێنان و بە بەشداریی وەبەرھێنە ناوخۆیی و بیانێیه‌کان و سەندیكای وەبەرهینان، هه‌روه‌ها بڕیار درا بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی سایت پلانی پڕۆژەكان و بەتایبەت ئەو پێکھاتە خزمەتگوزارییانەی کە وەبەرھێنەکان دروستیان نەکردووە، یان دروستکراوە و حکوومەت وەرینەگرتووە بەھەر ھۆکارێک، به پێچەوانەوه لێپێچینەوەى یاسایی بەرامبەریان دەکرێت.