Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسی ده‌كات

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسی، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/٢٢، شاندێكی لیژنەی کاروباری شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بە سەرۆكایه‌تیی سوسن محه‌مه‌د میرخان، سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیاردەر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی وەزارەتی کاروباری شەھیدانی  حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی کرد و لەگەڵ لیژنەی پێداچوونەوە بە لیستی زیندانیانی سیاسی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی لیژنە ئامانجی سەردانەکەی خستە ڕوو و داوای ڕوونکردنەوەی تەواوی لە لیژنەكه‌ کرد کە کاریان لەسەر چی کردووە و وردەکاریی کارەکانیان بخەنە بەردەستی لیژنه‌كه‌ى پەرلەمان، دواتر ئەندامانى لیژنه‌كه‌ سەرنج و پرسیارەکانیان ئاڕاستەی لیژنەکەی وەزارەت کرد.
له‌ به‌رامبه‌ردا بەڕِێوەبەری گشتیی لیژنەی پێداچوونەوە بە لیستی زیندانیانى سیاسی، ڕِوونکردنەوەی تەواوی لەسەر کارەکانیان خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە پاکسازیی تەواو دەکرێت و کەسانی ناشایستە لە لیستەکە دەھێندرێنە دەرەوە، بەڵام پرۆسەکە پێویستیی بە کاتی زیاتر ھەیە و پێویستە ھەموو لایەک ھاوکارییان بکەن بۆ تەواوکردنی کاری لیژنەكه‌یان.