Skip to the content
Menu

ئیتاڵیا.. شاندێکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ڤاتیکان دەکات

لە درێژەی سەردانەکەیاندا بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠-١٠-٢٠٢١، شاندی لیژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى لە پەرلەمانی کوردستان، کە پێکھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆكی لیژنە و وەیسی سەعید وەیسی، بڕِیاردەری لیژنە و زاھیر محه‌مەد عه‌لی و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا و ھدیە مراد حیدر و د.ئیسماعیل عه‌لی سگیری و كلارا عۆدیشۆ یعقوب، ئەندامانی لیژنەكه‌ لە فراکسیۆن و پێکھاتە جیاوازه‌كان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ڤاتیکانی کرد و لەگەڵ بریکاری وەزارەت و بەرپرسانی وزارەته‌كه‌ کۆبووەوە و باسیان لە ڕەوشی فرەئاینی لە ھەرێمی كوردستان کرد کە ھەموو پێکھاتەکان ئازادانە ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن، ھەنگاو و بایەخدانه‌كانی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان سه‌باره‌ت به‌ گرنگیدان و پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیان و ئازادیی ئاینی خستە ڕوو و ئەمەشیان بە ناسنامەی گەلی کوردستان دانا کە بڕوای تەواوی بە ئازادی و فرەئاینی ھەیە و بە ھەموو شێوەیه‌ک پارێزگاریی لێدەکات، هه‌روه‌ها ئاماژە بە ڕۆڵی قارەمانانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ھەموو پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکان بەبێ جیاوازی، چونکە گەلی کوردستان ھەمیشە لەگەڵ ئاشتی و بەیەکەوە ژیانە و ھیچ کات رێگە بە تیرۆر و تووندڕەوی نادات و ھەموو ئاینەکانیش بەێه‌کەوە قوربانیی دەستی تیرۆر بوونە.
لە بەشێکی دیكه‌ی دیداره‌کەدا باس لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان ڤاتیکان و گەلی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر سەردانە مێژووییەکەی قەداسەتی (پاپا فرانسیس) پاپای ڤاتیكان بۆ ھەرێمی كوردستان كه‌ جیاواز لە شوێنەكانی دیكه‌ى عێراق گەورەترین ڕێوڕەسمی ئاینیی له‌ هه‌ولێری پایتەخت بۆ ساز کرا، سەردانەکە بە ڕووداوێكی مێژوویی وەسف کرا، کە کاریگەرییه‌كی گرنگی ھەبوو لەسەر ناو و پێگەی ھەرێمی كوردستان و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان.
ھەر لە دیداره‌کەدا باس لە ڕەوشی کریستیانەکانی کوردستان کرا وەک پێکھاتەیه‌کی ڕەسەن و سەرەکیی کوردستان کە ڕۆڵیان ھەیە لە بەڕێوەبردنی کوردستان و خاوەنی نوێنەرن لە پەرلەمانی کوردستان، ھەروەھا باس لە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئێزدییەکان کرا كه‌ لەلایەن تیرۆریستانی داعش به‌رامبه‌ریان ئه‌نجام درا و داوا کرا لە ڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی دەستی داعش، ھەروەک تیشک خرایە سەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایه‌ک لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی ئەو تیرۆریستانەی کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان ئه‌نجام داوە.
ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان بەشێکی دیكه‌ی گفتوگۆکان بوون.
لای خۆیەوە بریکاری وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ڤاتیکان، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانه‌كه‌ی لیژنەی ئەوقاف دەربڕی و دووپاتی پشتیوانیی دەوڵەتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و زیاتر لێکنزیکبوونەوەی ئاینەکان لەپێناو ڕەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ پەیڕەوکارانی سەرجەم ئاینەکان، ھەروەھا ستایشی ڕەوشی پێکەوەژیانی ھەرێمی كوردستانی کرد کە بووه‌تە نموونەیه‌كی بەھێز و زیندوو لە ڕِۆژھەلاتی ناوەڕاست و جیھاندا، كە ھەمیشە پەناگەیه‌كی ئارام بووە بۆ ھەموو پێكھاتە ئاینی و نەتەوەییەكان، بە تایبەت بۆ كریستیانەكان كە بەھۆی ھێرشی تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتبوو و ڕوویان لە ھەرێمی كوردستان كردبوو.
ھەر لە درێژەی قسەکانیدا بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ڤاتیکان، باسی لەوە فره‌ڕه‌نگی و پێكه‌وژبانه‌ کرد كه‌ لە كوردستاندا بوونی ھەیە لە فرپێکھاتەی ئاینی و نەتەوەیی و ڕاشیگه‌یاند: "داڵدەدانی ئاوارەکان مایەی ستایش و پێزانینی ڤاتیکانە و بە بایەخەوە لێى دەڕوانن، بۆیەش لە یارمەتی و پیشتیوانیی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین".