Skip to the content
Menu

بەلجیکا.. شاندی لیژنەی ئەوقاف وکاروباری ئایینی چەندین دیدار و سەردان ئەنجام دەدات

بەمەبەستی دیدار و سود وەرگرتن لەئەزموونی وڵاتەکەیان لەشێواز و چۆنیەتی بەرێوەچوونی گفتووگۆی نێوان ئایینەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە وسیستەمی یاسادانان، شاندی لیژنەی ئه‌وقاف وكاروبارى ئایینى لەپەرلەمانی کوردستان، بەسەرۆکایەتی مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم جێگری سەرۆكی لیژنە و ئەندامیەتی ھەریەک لە وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردەری لیژنە و شێخ زاھیرخەیلانی وفه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا و ھدیە مراد حیدر و د. ئیسماعیل علی تەھا سگێری وكلارا عودیشۆ یعقوب ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لەسەرجەم فراکسیۆن و پێکھاتە جیاوازەکان‌، لەوڵاتی بەلجیکا چەندین دیداروکۆبوونەوەیان لەگەڵ ھەریەک لەپەرلەمانی ھەرێمی والونیا و سەرۆکی بەشی رۆژھەڵاتی ناوەراست لەکۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا و لیژنەی ئەساقیفەی کاسۆلیک لەیەکێتی ئەوروپا ئەنجامدا.

لەکۆبوونەوەکاندا باس لەبارودۆخی ھەرێمی کوردستان و رەوشی پێکەوەژیان کرا، تیشک خرایە سەر ئەرک و مافی سەرجەم پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی کوردستان کە ئازادانە ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن ولەبنیاتنان وپێشخستنی کوردستان بەشدارن، ھەروەک باس لەرۆڵی دامەزراوە یاسایی و ئیداراییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا بۆ ئایین و پێکھاتەکان بەتایبەت یاسای ژمارە(٥)ی ساڵی ۲۰۱٥ی پەرلەمانی کوردستان کەمافی پێکهاتەکانی لەدەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان مسۆگه‌ر کردووە، و سەرجەم ئایینەکان نوێنەریان لەوەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی ھەیە.

لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکاندا، سوپاسی پشتیوانی وڵاتی بەلجیکا کرا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاری کوردستان و پێشمەرگەی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. ھەروەھا ئاماژە بە ڕەوشی مەسیحیەکانی کوردستان کرا وەک پێکھاتەیەکی رەسەن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەبەرێوەبردنی کوردستان لەدامەزراوەکان رۆڵی گرنگیان ھەیە، هاوکات باس لەدۆخی کوردانی ئێزیدی کرا کە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی (داعش) کۆمەڵکوژکراون، کە بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتی و ئاینی و مرۆڤایەتی تاوانێكی بێ وێنەیان دەرحەق کراوە، بەپێی سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، دەچێتە چوارچێوەی تاوانەكانی جینۆساید، بۆئەمەش سوپاسی وڵاتی بەلجیكا کرا کەبەفەرمی دانی بەجینۆسایدی ئێزدیەکانداناوە، ھەروەھا باس لەجێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شەنگال وئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە کرا، داوا کرا وڵاتی بەلجیکا رۆڵی خۆی بگێریت لەجێبەجێکردنی رێکەوتنەکە، ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە.

لەبەشێکیتری دانیشتنەکاندا ھەڵوەستە لەسەر پرسی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان کرا بە پرسێکی ھەستیاریان دانا بۆ هەرێمی کوردستان، ھیوایان خواست هەرێمی کوردستانیش ببێتە خاوەنی دەستوورێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، بە بەشداری هەموو ئاین ونەتەوەکان و خواست و مافەکانیان لەخۆبگرێت لەگەڵ دنیای پێشکەوتوودا بگونجێت.

لای خۆیانەوە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکان ھاتنی شاندی لیژنەی ئەوقاف وکاروباری ئاینییان بۆ وڵاتی بەلجیکا بەگرنگزانی دەستخۆشیان لەپەرلەمانی کوردستان کرد لەچوارچێوەی لیژنەیەک کاروباری سەرجەم ئایینەکانیانی رێکخستووە ئەمەشیان بەنیشانەی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان دانا، ھەروەک ئەزموونی هەرێمی کوردستانیان بەسەرکەتوو وەسفکرد لەپەرەپێدان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ ھەموو پێکھاتەکان وجەختیشیان لەپشتیوانی وڵاتەکەیان کرد بۆ ھەرێمی کوردستان لەپێناو رووبەروو بوونەوەی تیرۆر و یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش.