Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی ھەمواری یاسای ماف و ئیمتیازی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی ھەمواری یاسای ماف و ئیمتیازی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١٠/٢٥، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ،و بەسەرپەرشتیی ڕۆمیو ھەکاری، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا خۆێندنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەو ڕاپۆرت و سکاڵایانە کرا کە ئاڕاستەی لیژنەكه‌ کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان ئەوانەى پێویستییان بە وەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
دواتر لەلایەن سەرۆکی لیژنەوە ھەمواری یاسای ماف و ئیمتیازی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ ئەندامان خرایە ڕوو، ئەمەش دوای ئاڕاستەکردنی ھەموارەکە بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێم و زیادکردنی ڕاو سەرنجی سەرۆکایەتیی ھەرێم لەسەر ھەموارەکە بە تایبەتی لە مادەی چوارەم و برگەی دووەم لە ھەمواری یاساکە، دواتر لەلایەن لیژنەوە ھەڵسەنگاندن و گفتوگۆ بو ئەو برگه‌ و مادانە کرا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێم زیاد کراون، دوای گفتوگۆیەکی چڕ و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان لەسەری بە زۆرینەی دەنگ ئەو تێبینی و سەرنجانەی کە سەرۆکایەتی ھەرێم لەسەر ھەمواری یاساکە زیادى کردبوون پەسەند کران، چونکە زیاتر خزمەت بە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان دەکات.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئەندامانی لیژنەكه‌ راسپێردرابوون بەمه‌به‌ستی دوزینەوەی چارەسەر بۆیان.
لەکوتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنە بریاریدا بەپێی بەرنامەی کار سەردانی چاکسازییەکان و بەرێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بکات.