Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی سوید کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شە‌ممه‌ ٢٠٢١/١٠/٣، منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی پەرلەمانی وڵاتی سوید کرد کە پێکهاتبوون لە هاكان سوێلێنیگ و لیندا پۆسیۆ و شاندێکی یاوەریان لە پارتی چەپ لە په‌رله‌مانی سوید.
لەدیدارێکدا کە سەرۆک فراکسیۆن و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پێکهاتە جیاوازەکان و راوێژکاری پەرلەمان لە پێکهاتەکان و شۆرش قادر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە سوید ئامادەبوون، تیشکیان خستەسەر ڕەوش و مافی پێکهاتەکان بە شێوەیەکی گشتی له‌هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە پوخته‌یه‌کیان سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وش و مافى پێکهاتەکان له‌هەرێمی کوردستان خستەروو و رایانگەیاند: "لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێكهاته‌كان توانیویانە بەبەشێکی زۆر لەمافەکانیان بگەن، لەڕووی سیاسیشەوە پێگەو قوڕسایی بەرچاویان هەیە لەپەرلەمان و سەرجەم دامەزراوەکانی ترى هەرێمی کوردستاندا".
هاوکات سکرتێری پەرلەمان پوختەیەکی سەبارەت بە کاری پەرلەمانی و ژمارەی فراکسیۆنی پێکهاتە جیاوازەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ شاندی میوان خستەڕوو، و ڕایگەیاند؛ لەو خولەی پەرلەمان لەدەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەشدارن و لەنێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیشدا دوو پۆستی وەزارییان هەیە.
لە بەشێکی دیدارەکەدا لەلایەن ئەندامانی ئامادەبوو تیشکخرایەسەر ئەو ماف و دەستکەوتانەی کە بە یاسا لە هەرێمی کوردستان بۆ پێکهاتەکان دەستەبەر کراون، هەروەها داواکاربووین کە لە کاتی بڵاوکردنەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە قوربانیدان و ئەو کارەساتە مرۆییانە بکرێت کە لە کاتی هێرشی تیرۆرستانی داعشدا بەسەر پێکهاتەکاندا هاتووە.
لە درێژەی دیدارەکەدا هەردوولا تیشکیان خستەسەر شێواز و میکانیزمی کاری پەرلەمانی، هەروەها جەختیان لە پێویستی بەهێزبوونی ‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی وڵاتی سوید لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانیدا كرده‌وه‌.