Skip to the content
Menu

ئیتاڵیا.. شاندێکی لیژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى سەبارەت بە ڕەوشی پێکەوەژیانی ئاینی چەندین دیدار و کۆبوونەوه‌ ئەنجام دەدات

بە بانگھێشتێکی ڕەسمی لە ڕۆژانی ١٧-١٨-١٩ى١٠-٢٠٢١، شاندێکی لیژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى لە پەرلەمانی کوردستان، کە پێکھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆكی لیژنە و وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لیژنە و زاھیر محه‌مەد عه‌لی و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا و ھدیە مراد حیدر و د.ئیسماعیل عه‌لی تەھا سگیری و كلارا عۆدیشۆ یعقوب، ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی ولاتی ئیتاڵیاى کرد و لە ڕِۆما-ی پایتەختی ئه‌و ولاتە چەندین دیدار و چاوپێكەتنی لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپه‌رستی و پێکەوەژیان و نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ کاروباری ڕۆژھەلاتی ناوەڕاستی گەورە و دامەزراوەی سانت ئێجیدۆ بۆ ئاشتی ئەنجام دا،
لە دیداره‌كاندا باس لە ڕەوشی پێکەوەژیان و فره‌ئاینی و فرەنەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان کرا، کەبووه‌تە ناسنامە و کلتوورێکی لە مێژینەی خەڵکی کوردستان و فاکتەری بەردەوامبوونی ژیان لە نێوان سەرجەم پێکھاتەکاندا.
بۆئەمەش باس لە رۆلی پەرلەمانی کوردستان کرا لە بەرجەستەکردنی بیرۆکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەو یاسا و بڕِیارانەی کە پەسەندی کردوون و پەیوەست بوون بە فەراهەمکردن و پارێزگاریکردن لە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا، کە گرنگترینیان یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی ۱۹۹۲ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانه‌، کە لە ڕێی سیستمی کۆتا مافی پێکهاتەکانی لە نێو پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگه‌ر کردووە، هەروەها یاسای ژمارە(٥)ی ساڵی ۲۰۱٥، کە مافی پێکهاتەکانی لە دەسەڵاتی ڕِاپەڕِاندن و سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان مسۆگه‌ر کردووە.
ھەروەک باس لە ڕۆلی ھەڕێمی کوردستان کرا کە لە ماوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش باوەشی خۆی والا کردبوو بۆ ئەو ھاوولاتییانەی بەھۆی ھێرشی تیرۆریستان ماڵ وحاڵی خۆیان جێھێشتبوو و ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو.
لە بەشێکی دیكه‌ی دیداره‌کاندا باس لە بایەخدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرا کە کار دەکات لەسەر بنەمای پاراستن و بەھێزکردنی پێکەوەژیانی ئاینی لە ھەرێمی کوردستاندا، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی حوکمڕانیی کوردستان دۆسیەی پێکھاتەکان جیا بکرێتەوە و وەزیرێکی ھەرێم تایبەت بە پێکھاتەکان بوونی ھەبێت و شاندى لیژنه‌ی په‌رله‌مان ڕاشیانه‌گه‌یاند: "ھەر لە ڕوانگەی بایەخدان بە کریستیانەکانیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەکانى ڕاسپاردووه‌ ناحیەی عینکاوە کە تایبەتە بە کریستیانەکان بکرێتە قەزا، وەک ناوەندێکی گرنگ بۆ پێکەوەژیانی ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی لە ھەرێمی کوردستاندا،
ھەر له‌ دیداره‌كاندا بە گرنگییەوە باس لە ئامادەکارییەکانی نووسینەوەی دەستوور لە ھەرێمی كوردستان کرا و جەخت لەسەر نووسینەوەی ده‌ستوورێک کرایه‌وه‌، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی ‌ بێت و ماف و ئازادیی ھەموو پێکھاتەکانی كوردستانى لەخۆ گرتبێت، ئێستا و داھاتووی گەلی کوردستان بپارێزیت، چونکە گەلی كوردستان شانازی ده‌كات به‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌كان له‌ كوردستان، به‌ سه‌دان ساڵە به‌ یه‌كه‌وه‌ دەژین، بۆیەش بەبوونی ده‌ستوورێکی مۆدێرن مافی سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان دیاری دەکرێت،
ھەروەک ئاماژە بە سەردانەکەی قەداسەتی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کرا كه‌ لە مانگی ئاداری ڕابردوو بۆ ھەرێمی کوردستان ئه‌نجامیدا و گەورەترین ڕێوڕەسمی ئاینیی لە ھەولێری پایتەخت بۆ ساز کرا، ئەمەش بە ڕِووداوێکی گرنگ و مێژوویی وەسف کرا.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی وڵاتی ئیتالیا خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی شاندی لیژنەی ئەوقاف دەربڕی و باسیان لە بارودۆخی گشتیی کریستیانەکان لە عێراق و کوردستان کرد و ڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەیان بە گرنگ وسفکرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و دووپاتی پشتیوانیی وڵاتەکەیان کردەوە بۆ ھەرێمی کوردستان لەپێناو بنبڕکردنی تیرۆر،
ھەروەھا سەرسامیى خۆیان بەو بایەخدانەی ھەرێمی کوردستان بە پێکھاتە ئاینییەکان و ئه‌و بەیەکەوە ژیان و ئازادییه‌ ئاینییه‌ی ده‌ربڕى، ھەروەک باس لە پەرەدانی زیاتر بەو سەردان و دیدارانە درا و ئەنجامدانی چالاكیى هاوبه‌ش له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان کرا،
ھەر لە میانەی سەردانەکەیاندا شاندی لیژنەی ئەوقاف ژمارەیه‌ک که‌نیسە و شوێنەواری وڵاتەکەیان بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی شوێنەوارەکان کرا.