Skip to the content

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی له‌ پارتی چه‌پی سویدی كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٠/٣، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی پارتی چه‌پی سویدی له‌ په‌رله‌مانی سوید، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هاكان سوێلێنیگ كرد.
له‌ دیدارێكدا كه‌ شۆڕش قادر، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سوید ئاماده‌یبوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی مێژووی دروستبوونی په‌رله‌مان و قۆناغه‌كانی كاركردن و شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خوله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م په‌رله‌مانی له‌ هه‌ر خولێكدا خسته‌ ڕوو و ئاماژه‌ی به‌ به‌شداری و ژماره‌ و كۆتای كورسییه‌كانی ژنان و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان كرد.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان، باسی دۆخی سیاسی و ئابووریی كوردستان و بووژانه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزاری كرد، كه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا بایه‌خ و گرنگیی زیاتریان پێدراوه‌ له‌ ڕووی ده‌ركردنی یاساكانی تایبه‌ت به‌م بوارانه‌، سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی و مافی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی ڕِۆژنامه‌گه‌ریش، د. ڕێواز فایق، تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ندین پرسی هه‌نووكه‌یی و لایه‌نی گرنگی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
لای خۆیانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی سوید هاكان سوێلێنینگ، سه‌رۆكی شانده‌كه‌ و لیندا پۆسیۆ و شاندی یاوه‌رى، خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕی بۆ پێشوازییه‌كه‌ و سه‌ردانیكردنیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان. هه‌روه‌ها چه‌ندین پرسیاریان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و پوخته‌یه‌كیشیان له‌سه‌ر ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی سوید و شێوازی كاری په‌رله‌مانیی خۆیان له‌ په‌رله‌مانی سوید خسته‌ ڕوو، دواتر تێكڕای پرسیاره‌كانیان له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردسنه‌وه‌ وه‌ڵامدرانه‌وه‌.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌سه‌ر گرنگیی دروستكردنی په‌یوه‌ندیی په‌رله‌مانی و ئاڵوگۆڕی شاره‌زایی یاسایی نێوانیان كرده‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیوای خواست كه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان سوودبه‌خش و به‌رهه‌مدار بێت.