Skip to the content

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق كرد

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/٢٣، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی ڕێبوار بابكه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و ئازاد ئه‌كره‌م كوره‌چی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی رۆشنبیریی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ پێدرۆ مارتینیز ئەڤیاڵ، باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق و سیروان جاف كونسولی فه‌خریی ئیسپانیا له‌ هه‌ولێر كرد.
له‌ دیدارێكدا گفتوگۆیه‌كی به‌رهه‌مدار كرا له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی دروستكردن و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی ئیسپانیا له‌ چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانی وه‌ك دوو دامه‌زراوه‌ى گرنگی یاسادانان له‌ هه‌ردوو وڵاتدا و ئالۆگۆڕكردنی زانیاری له‌سه‌ر كاری په‌رله‌مانی به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی سوودی هاوبه‌ش.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، داوای له‌ باڵیۆزی ئیسپانیا كرد كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران و بارزگانانی ئیسپانیا هانبده‌ن بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و كاری وه‌به‌رهێنان و بازرگانی ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند یاسایه‌كى هه‌موار كردۆته‌وه‌ و چه‌ند پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌یاسایه‌كیش له‌به‌رده‌سته‌ بۆ هه‌موار و ده‌رچوواندنی به‌مه‌به‌ستی كارئاسانیكردن بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی و بیانی.
لای خۆیه‌وه‌ پێدرۆ مارتینیز ئەڤیاڵ، باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق، وێڕای ده‌ربڕِینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌ پێویستیی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا كردوه‌، هه‌روه‌ك سه‌رسامیی خۆیشی به‌و پێشكه‌وتنانه‌ ده‌ربڕی كه‌ له‌سه‌ر ئاسته‌كانى ئابوورى و سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هاتوونه‌ته‌ دى و ڕاشیگه‌یاند: "خه‌ڵكی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئیراده‌یان زۆر به‌هێزه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كاندا".