Skip to the content

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ به‌رپرسی نوێی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/٢١، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ماری پارنیت، به‌رپرسی نوێی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا گفتوگۆی چڕ كرا له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابووری و ئه‌منی و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و چونیه‌تیی به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا.
د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پیرۆزبایی له‌ به‌رپرسی نوێی یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد به‌ بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ هه‌رێمی كوردستان، هیوای خواست له‌ ماوه‌ی كاركردنیدا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزتر له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بێته‌ كایه‌وه‌، هاوكات ڕۆڵی چاودێرانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاى كه‌ له‌ ئێستادا له‌ عێراق كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر چاودێركردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رزنرخاند و هیوای خواست هه‌موو چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ وردی چاودێریی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق بكه‌ن، به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدرێت.
لاى خۆیەوە ماری پارنیت، به‌رپرسی نوێی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی به‌ ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئامادەیی خۆیشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و په‌رله‌مانی كوردستان نیشاندا.