Skip to the content
Menu

د.ھێمن ھەورامی پێشوازی لەشاندێکی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری ھەڵبژاردنی عێراق دەکات

 ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢١/٩/١٨ د.ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی ھەردوو سەرۆکی لیژنەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی لەپەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە ڤیولا ڤۆن کرامۆن ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکی تیمی چاودێری یەکێتی ئەوروپا بۆ ھەڵبژاردنی عێراق و شاندی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا، دۆخی سیاسی و ئەمنی و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و شێواز و میکانیزمی ھەڵبژاردن بەوردی گفتوگۆی لەسەرکرا.

ھەرلەدیدارەکەدا، د.ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وێرای بەرز نرخاندی ڕۆڵی چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ ھەڵبژاردنی عێراق، جەختی لە ھەڵبژاردنێکی گشتگیر و ئازاد و شەفاف و دوور لەهەر جۆرە ساختەکارییەک کردەوە، داواشی لە ھەموو چاودێرە نێودەوڵەتیەکان کرد کە تیمی چاودێکردنیان فراوانتر بکەن لە تەواوی عێراقدا، پێش ھەڵبژاردن و لەکاتی ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان بەوردی و چاوکراوەییەوە چاودێری بەڕێووەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، ھاوکات باسی لەو ئاستەنگانەش کرد بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە کە لەبەر دۆخی سیاسی و مەترسیەکانی داعش لەناوچەکانی خۆیان ناتوانن بەئازادی دەنگ بدەن، بەتایبەت لە ناوچەکانی کەرکوک و دەشتی نەینەوا و شەنگال، هاوکات مسۆگەرکردنی دەنگدانێکی ئازاد بۆ هەموو خەڵک دووپاتکرایەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە پێویستی زانی کە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بەر لە وادەی ھەڵبژاردن تەواوی ئامادەکارییەکانی خۆی کردبێت لە هەموو عێراقدا و چاودێرانی نێودەوڵەتیش بەوردی لە هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ هەر جۆرە ساختەکاری و گزیکارییەک ئاگاداربن و ڕێگری بکرێت.