Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف وکاروباری ئایینی پیرۆزبایی لە پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری دەکات

دوای نیوەرۆی ئەمرۆ سێشەممە ٢٠٢١/٩/٢٨ شاندێکی لیژنەی ئەوقاف وکاروباری ئایینی، کەپێکھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم جێگری سەرۆكی لیژنەو وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردەری لیژنە و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا وكلارا عودیشۆ یعقوب ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی پاتریارک مار ئاوای سێیەم، پاتریارکی نوێی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشوورییان لە جیھان کرد.

لە دیدارەکەدا شاندی لیژنەی ئەوقاف پیرۆزبایییان ئاراستەی پاتریارک مار ئاوای سێیەم کرد، بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری وھیوای سەرکەوتنیان بۆخواست لەئەرکی نوێیاندا، هاوکات خۆشحاڵی خۆیان دەربری لەھەمبەر گواستنەوەی کورسی پارتریارکی کەنیسەی رۆژھەلاتی ئاشووری بۆشاری ھەولێر. ھەرلەدانیشتنەكەدا ستایشی رەوشی پێكەوەژیان وتەبایی نێوان پێکھاتە نەتەوەیی وئایینیەکانی كوردستان كرا، كە بەدرێژایی مێژوو شوێنی بەیەكەوەبوونی ھەموو پێكھاتەكان بووە.

لای خۆیەوە قەداسەتی پاتریارک خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی دەربڕی لەھەمبەر سەردانی شاندی لیژنەی ئەوقاف و دووپاتی پاڵپشتیی خۆی كردەوە بۆ قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان و پاراستنی بەھا جوانەكانی مرۆڤایەتی لەنێوان سەرجەم پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان.