Skip to the content
Menu

له‌ژێر چاودێریی سەرۆکی پەرلەمان کتێبی ڕۆڵی پەرلەمان لە پرسە نیشتمانییەکاندا ناسێندرا

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٩/١، لەژێر چاودێریی د. ڕێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانى كوردستان و به‌ ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەم خولە و خولەکانی پێشوو و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی پەرلەمان، سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مان ناساندنی بۆ کتێبی ڕۆڵی پەرلەمان لە پرسە نیشتمانییەکاندا كرد کە سالار محمود، ئەندامی خولی سێیەم و چوارەمى په‌رله‌مان نووسیویەتی.
لە مەڕاسیمەکە سەرۆکی پەرلەمان وتەیەکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ستایشی ڕۆڵی نووسەری کرد و ڕایگەیاند: "یاداشتکردن و نووسینەوەی کار و ھەوڵەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران گرنگیی خۆی هه‌یه‌ و وەک ئەرشیفێکی گرنگ دەمێنێتەوە و سوودی بۆ کتێبخانە و ئەرشیفی مێژووی کاری پەرلەمانی دەبێت"، ھەروەھا ھانی ئامادەبووانیدا کە کاری ھاوشێوە ئەنجام بدەن و وەك سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھاوکار و ھاوئاھەنگ دەبن بۆ بە چاپگەیاندنی بەرھەمەکانیان.
دواتر نووسەر سوپاسی سەرۆکی پەرلەمان و ئامادەبووانی کرد کە لەم مەڕاسیمەدا ئامادەبوون و کورتەیەکی لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە خستە ڕوو و داوای لە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم کرد کە لە پرسە نیشتمانییەکاندا یەکدەنگ بن و بۆچوون و ئایدۆلۆژیای جیاواز کاریگەریی نەرێنی دروست نەکات و کاری گرنگ و پێکەوەیی ئەنجام بدەن.