Skip to the content
Menu

لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت چه‌ند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لیژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٩/١٣، لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، بە سەرپەرشتیی لەنجە ئیبراهیم دزەیی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاڕاستەی لیژنەكه‌ کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامانی لیژنەکە ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە هه‌بوو، وەڵام درانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
ھەر لەو کۆبوونەوەیە پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان کە لەلایەن لیژنەكه‌وە ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێم کرابوو، دوای گەڕاندنەوەی پڕۆژەکە، لە لایەن ئەندامانی لیژنەكه‌ گفتوگۆى لەبارەوە کرا، تا کار بۆ ئەوە بکرێ کە ئه‌و پڕۆژەیە لە زووترین کات بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەنجامدانی سەردانى مه‌یدانیی لیژنەكه‌ بۆ ئەنجوومەنی دادوەری و پارێزگاکان لە ماوەی داهاتوودا.