Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگی تایبەت بە كاری لیژنەكە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢٠٢١/٩/٢، لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بە سەرپەرشتیی مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ئەندامانى و ڕِاوێژكارانی لیژنەكه‌، كۆبووەوه‌.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاڕاستەی لیژنەكه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان به‌ وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران به‌مه‌به‌ستی ئاراستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
ئینجا كۆبوونەوە بە گرنگییەوە ھەڵوەستەی لە ھەمبەر ھەنگاوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كرد سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی موڵكەكانی وەقف لە ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش كۆبوونەوە بە گرنگی زانی داوا لە وەزارەتی ئەوقاف بكرێت زانیاریی ورد ئاڕاستەی لیژنەكەیان بكات سەبارەت بە قۆناغی كرداری بۆ ھەموو ئەو موڵكانەی زێدەڕۆییان كراوەتە سەر یان داگیر كراون یا بە ھەر شێوەیه‌ك لە ژێر دەسەڵاتی یاسایی وەزارەتی ئەوقافدا نین.
لە دوایین بڕگەی كۆبوونەوەكەدا لیژنە بڕیاری دا بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئاینیی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، لە ئایندەیه‌كی نزیكدا شاندێكی لیژنەكە سەردانی دامەزراوە ئاینییەكانی ئەو سنوورە بكات.