Skip to the content
Menu

شاندێکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سەردانی مزگەوتی ئاڵتونی لە شاری ھەولێر کرد

پێشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٩/٦، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مەلا ئیحسان محەمەد سەلیم، جێگری سەرۆكی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لیژنە و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا، ئەندامی لیژنەكه‌، بەمەبەستی بەسەركردنەوە، سەردانی مزگەوتی ئاڵتونی له‌ شارى هه‌ولێر کرد.
له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ حاجی ئیدریس محەمەد عه‌زیز، خاوه‌نی پڕۆژه‌كه‌، باسیان لە ڕۆل و پێگەی مزگەوت كرد لە خزمەتكردنی ئاینی ئیسلام و بڵاوكردنەوەی زانست و ڕۆشنبیری و ھزری نەتەوەیی و نیشتیمانی لە كوردستاندا.
شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان دەستخۆشییان لە خاوەنی پڕۆژەکە کرد کە بە شێوازێکی ئەندازەیی ھاوچەرخ ئەنجامى داوە، کە چەندین بەش لە خۆی دەگرێت، شانده‌كه‌ سەرجەم بەش و ھۆڵی مزگەوتەکەی بەسەر کردەوە.
لای خۆیەوە حاجی ئیدریس محەمەد عه‌زیز، سوپاسی شاندی لیژنەكەى په‌رله‌مانى كرد بۆ بەسەركردنەوەی مزگەوتی ئاڵتون.
شایەنی باسە مزگەوتی ئاڵتون یەکێکە لە مزگەوتە نموونەییەکانی کوردستان کە بە شێوازێکی مۆدێرن دروستکراوە و لە چەندین بەش و ھۆڵ بۆ ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکھاتووە.