Skip to the content
Menu

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی هه‌وڵى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و هاووڵاتییانه‌ ده‌دات كه‌ له‌ توركیاوه‌ دیپۆرتی سوریا كراون

بەمەبەستی قسەکردن و دۆزینەوەی ڕێگەیه‌ك بۆ گەڕاندنەوەی یٔەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی تورکیاوە دیپۆرتی وڵاتی سوریا کراون، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٩/٦، شاندێکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بە سەرۆکایەتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی به‌ڵێن ئیسماعیل، ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌ و ڕاوێژكارى لیژنەكه‌، سەردانی كونسوڵخانه‌ی وڵاتی تورکیاى کرد.
لە دیدارێکدا لەگەڵ كونسوڵ و ستافی كونسوڵخانەكه‌، سەرۆکی لیژنە باسى لە کێشە و گرفتەکانی ئەو پەنابەرانەی ھەرێمی کوردستان کرد کە لەم دواییەدا لە وڵاتی تورکیاوه‌ دیپۆرتی وڵاتی سوریا کراون و لەوێ گیریان خواردووە کە ژمارەیان لە سەرووی ٥٦ کەس دەبێت، لیژنە ئەوەشى بۆ كونسوڵی تورکیا خستە ڕوو کە لە ئێستادا دۆخی دارایی-یان بەرەو خراپی دەچێت و لە کەمپێک دایانناون پێویستییان بە هاوکاری و گەڕانەوەیه‌، بۆیە وەک لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی داوایان كرد کە وەک نوێنەری حکومەتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی خۆیان لەگەڵ حکومەتی وڵاته‌كه‌یان بخەنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیه‌ك بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ھاووڵاتییانە.
لای خۆیەوە كونسوڵی تورکیا بەڵێنی ئەوەی بە لیژنەکەدا کە ھەموو ھەوڵێک بدەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ھاووڵاتییانە بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان.
لە کۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سەرۆکی لیژنە ئاماژەی بەوە دا کە لیژنەکەیان کۆڵ نادات تا ئەو هاووڵاتییانە بە سەلامەتی نەهێننەوە کوردستان.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، سەرۆکی لیژنەى په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی، له‌ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، مه‌به‌ست و ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ كونسوڵخانه‌ی توركیا بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خسته‌ ڕوو.