Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا لە عێراق كرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٩/٢٢، د. ڕێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە پێدرۆ مارتینێز، باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا لە عێراق کرد،
لە دیدارێکی نێوانیاندا، سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی لە پیدرۆ مارتینێز، باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی تازەیان لە عێراقدا، دواتر باسی ھەموو ئەو گەشەسەندن و بەرەو پێشەوەچوونانە کرا کە لە ھەرێمی کوردستاندا هاتوونه‌ته‌ دى، بە تایبەت لە ڕووی بووژانەوە و پێشکەوتنی شارستانی و بنیادنانی شارەکانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان ڕِایگەیاند: "ئەو بەرەو پێشەوەچوونانە ڕاستەوخۆ پەیوه‌ستن بەو ئارامی و سەقامگیرییەی کە لە کوردستاندا ھەیە، دەبوو ئەم بووژانەوەیە زۆر لەوە زیاتر بوایە ئەگەر شەڕی داعش ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان نەبوایەوە، ھیواخوازین ئەم ئارامی و گەشەسەندنانە ھەموو ناوچەکانی دیكه‌ی عێراقیش بگرێتەوە"، سەرۆکی پەرلەمان جەختیشی لە دروستکردنی پەیوەندی له‌ نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی ئیسپانیا کردەوە، وەک وڵاتێکی فیدراڵ و خاوەن ئەزموون لە بواری کاری پەرلەمانیدا.
لای خۆیانەوە پیدرۆ مارتینێز، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، وێڕِای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئه‌و پێشوازییە، پاڵپشتیی خۆی بۆ قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان دەربڕی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا. گرنگیی پەیوەندییە ئابوورییەکان و وەبەرھێنان لە سێکتەرەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، سەرۆکی پەرلەمان دووپاتی کردەوە پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەمدا ھەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە دەبنە مایەی بەھێزکردنی سێکتەرە ئابوورییە گشتییەکان جگە لە نەوت، ھەروەھا ئەو یاسایانەی کە دڵنیایی بە وەبەرھێنەری بیانی دەدات بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان.