Skip to the content

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئوردن كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/٥، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی شانشینی ئوردن عه‌بدولمونعیم ساڵح شه‌حاده‌ عۆدات و شاندێكی یاوه‌ری كه‌ پێكهاتبوو له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئوردن.
له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی په‌یوه‌ندیی مێژوویی نێوان پاشاكانی ئوردن و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردی كرد و گرنگیی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی به‌رز نرخاند، هاوكات باسی سه‌ركه‌وتوویی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئوردنی كرد، كه‌ سیاسه‌تێكی جێگیر و هاوسه‌نگی هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانیشدا باسی خاڵی هاوبه‌ش و سیسته‌می كۆتای پێكهاته‌كانی كرد، له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی هاوشێوه‌یی و لێكچوونی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌ردوولای كرد، كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندیی به‌ له‌ یه‌كچوونی مه‌سه‌له‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ڕووی ئه‌منی و ئابووری و كلتوورییه‌وه‌، گوتیشی: "وڵاتی ئوردن تایبه‌تمه‌ندیی مێژوویی و دراوسێیه‌تیی فراوانی له‌گه‌ڵ عێڕاق و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، ده‌خوازین ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ فراوانتر بكرێت له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی و دروستبوونی هاوئاهه‌نگی له‌ نێوان لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی هه‌ردوولا بۆ ئالوگۆڕی زانیاری له‌ باره‌ی كاری په‌رله‌مانییه‌وه‌".
هاوكات د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی شاندی باڵای ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئوردن، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی گرنگیی ئه‌و سه‌ردانه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی شانشینی ئوردنی كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كردبێت، هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرد له‌ ڕووی دیپلۆماسییه‌تی كاری په‌رله‌مانی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی وڵاتاندا.
دواتر عه‌بدولمونعیم ساڵح شه‌حاده‌ عۆدات، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی شانشینی ئوردنی خۆشحاڵیی خوی ده‌ربڕی به‌ سه‌ردانیكردنی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق و په‌رله‌مانی كوردستان كرد، هاوكات به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ بۆ وڵاتی ئوردن مایه‌ی شانازییه‌ و هیوای خواست كه‌ له‌ ئاینده‌دا بتوانن په‌ره‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بده‌ن له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان.
پاشان به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی شانشینی ئوردنی دید و بۆچوونی خۆیان ده‌ربڕی بۆ زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.