Skip to the content
Menu

لێژنەی پێشمەرگە پێشوازی لە وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٩/١٤، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بەمەبەستی تاوتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێک پێشوازی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای وەزارەت کرد . کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتيی ڕێڤینگ ھرۆری سەرۆکی لیژنە و بەئامادەبوونی جێگری سەرۆک لیژنە و بریاردەر و ئەندام و ڕاوێژکارانی لیژنەکە بەرێوەچوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لەوانە لە ژێر رۆشنایی یاسای چاکسازی ژمارە ۲ ساڵی ۲۰۲۰ گفتوگۆ لەسەر یەکخستن و رێکخستنی یەکەی ژمێریاری و پێداچوونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی و وردبینی لە دروستکردنی دۆسیەی کەسی ھەروەھا پێداچوونەوە بە لیستی سوودمەندانی خانەنشینی کەمئەندامانی پێشمەرگە و هەڵوەشاندنەوە و راستکردنەوەی مووچەی خانەنشینی لەژێر رۆشنای ھەمان یاسا باس کران، هەروەها هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی ۷۰ و ٨۰ و دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوان بۆ بارەگا و پلەدارەکان، و گواستەوەی پاسەوانەکان بۆ میلاکی یەکەی پاسەوانی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بەشێکیتری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەرووی کێشە و گرفتەکان بەپێی بەدواداچوونە مەیدانیەکانی لیژنەی پێشمەرگە و پێداویستییە سەرەکییەکانی میحوەرەکان، ھەروەھا پرسی بندیوارەکان و سزادراوی سیاسی و خواردن و تەندەرەکان و پەککەوتەی سەنگەر و گرفتی هاتووچۆی پێشمەرگەکان بۆ ئەرک بەشەهید هەژمار نەکردنی ئەوانەی لە ئەرکدا گیان لەدەست دەدەن قسەیان بارەوە کرا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا لە ژێر رۆشنایی بڕیاری ژمارە ۱۹ی ساڵی ۲۰۱٤ چەندین بابەتی پەیوەندیدار خرانەڕوو، لەوانەش لە ئەستۆ گرتنی چارەسەرکردنی برینداران و یەکخستنی دەوامی هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی خواردن و چەک و تەقەمەنی پێویست و دابینکردنی سووتەمەنی و پێداویستی تەندروستی و پێداچوونەوە بە بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران و یەکخستنی نەسرییەی یەکەکانی هێزی پێشمەرگە و هاوتا کردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە.

ھەر لەو کۆبوونەوەدا کێشە و گرفتی کارگێری و پلە بەرزکردنەوە و هەژمار نەکردنی یەک ساڵ بە ۲ ساڵ خزمەت بۆ پێشمەرگەکانی شۆڕش و خەرج نەکردنی دەرماڵەی بڕوانامە و هاوسەرگیری و منداڵ، و دواکەوتن و وەڵام نەدانەوەی نووسراوەکان و لادانی ئەفسەرانی بێ بڕوانامە گفتوگۆ کران .

ھەروەھا پێدانی زانیاری پێویست بە ئەندامانی لیژنە لەسەر هاوکاری هاوپەیمانان و ئاماری هێزەکانی پێشمەرگە و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سۆپای عێراق و ئامادەکاری هێزەکانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان .

لە کۆتای کۆبوونەوەش گفتوگۆ لەبەرەی پێشنیازە یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە کرا.