Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە گروپی ڕاوێژکاری بۆ ئامانجی چاکسازی لە بواری پەروەردە دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٤/٢٤ ، د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی عبدالسلام دۆڵەمەری سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،  پێشوازیی لەئەندامانی گروپی ڕاوێژکاری بۆ ئامانجی چاکسازی لە بواری پەروەردە کرد، کە بەسەرۆکایەتی د.ڕانداڵ ڕۆدس سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی کوردستان AUK- دهۆک سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو.

د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پوختەیەکی لەبارەی کاری پەرلەمانی و پڕۆسە و قۆناغەکانی دەرچوون و تێپەڕاندنی یاسای بۆ مێوانان خستەڕوو، هەروەها داوایکرد پشتگیری لەکارەکانی پەرلەمان بکەن لەسەر پڕۆژەیاسای پەروەردە و پێشکەشکردنی ڕاو و بۆچوون و تێبینییەکانیان بە لێژنەی تایبەتمەند، بەمەبەستی زیاتر دەوڵەمەندکردن و بەهێزترکردنی پڕۆژەیاساکە، ئەوەشی خستەڕوو کە پەروەردە یەکێکە لە سێکتەرە هەرە بنچینەیی و گرنگەکانی کۆمەڵگە و پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرپرسیار لە پێشخستنی سەرجەم کایەکانی وڵات.

لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا پسپۆرانی پەروەردەیی بەڵێنیاندا، هەموو توانایەکیان بخەنەگەڕ بەمەبەستی پێشکەشکردنی ڕاوێژکارییەکی دروست و زانستییانە بۆ لێژنەی پەیوەندیدار، بەمەبەستی پێشخستنی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.