Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى لەگەڵ سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی کۆبووەوە

بەمەبەستی بەدواداچوون و گفتوگۆکردنی بابەتی دامەزراندن و کردنەوەی فەرمانگەی چاودێریی دارایی لە هه‌ردوو پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشەممه‌ ٢٠٢٢/٤/٥، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه، لە هۆڵی لێژنه‌ له‌ تەلاری پەرلەمان، لەگەڵ خالد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، کارەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و پرسی وردبینی لە داهات و میلاک و کێشە داراییەکانی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە کرا و هەردوولا جەختییان لەسه‌ر پێویستیی هەبوونی بودجە کردەوە بۆ پلانی پێشوەخت بۆ خەرجکردنی پارەی حکوومەت بەگوێرەی باردودۆخی هاووڵاتییان.
پاشان بۆ ئاگاداربوون لە داهات و خەرجیی فەرمانگە حکوومییەکان و پرسی نەناردنی ڕِاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ پەرلەمان، لێژنەکە داوایان کرد کە لە ماوەیەکی نزیكدا ڕاپۆرتەکە ئامادە ببێت و بگات بەدەستییان بۆ بەدواداچوونی پێویست.