Skip to the content
Menu

لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری چەند پرسێکى گرنگ تاووتوێ دەکات

بەمەبەمەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٤/١٢، لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عه‌بدولسه‌تار مه‌جید، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
دەستپێکی کۆبوونەوەکە، تاووتوێی داواکاریی خاوەن کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی ھێلکەی خواردن کرا کە ئاراستەی لێژنەکە کرابوو بەمەبەستی بەدواداچوون و قەدەغەکردنی لە خاڵە سنوورییەکان، بۆئەوەی ڕێگە بەھێنانی ھێلکەی خواردن لە دەرەوە نەدرێت و زیاتر بەرھەمی ناوخۆی شارەکانی ھەرێم بخرێتە بازاڕه‌وه‌، دوای تاووتوێكردنی لێژنە بڕیارى دا بە نووسراو و بەدواداچوون کاری پێویست له‌سه‌ر ئەو بابەتە بکات.
لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی لێژنەكه‌ش بۆ کێشە و گرفته‌كانی كه‌رتی کشتوکاڵی لە سنووری هەریر و بەرانە و دەوروبەری و دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان، لێژنە بڕیارى دا نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم بکات.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كڕینه‌وه‌ی گه‌نمى جووتیاران كرا و بۆ بەدواداچوونى ئه‌و پرسه‌ش لێژنە بڕیارى دا سەردانی کۆمپانیاکانی کڕینەوەى گەنمی جووتیاران بکات.