Skip to the content
Menu

لە ڕۆژی جیھانیی هۆشیاریی ئۆتیزم-دا
د. ڕێواز فائق پەیامێك ئاراستەی دایكان و باوكانی خاوەن جگەرگۆشەی تووشبوو بە ئۆتیزم دەكات

لە ڕۆژی جیھانیی هۆشیاریی ئۆتیزم-دا، ھاوسۆزیی قووڵی خۆمان بۆ ئەو دایك و باوكە میھرەبان و خەمخۆرانە دەردەبڕین، كە بە پشوویەكی درێژ و لەخۆبردووانەوە ڕووبەڕووی دۆخی سەختی پەروەردەیی جگەرگۆشەكانیان بوونەتەوە، ماندووبوون و ھیلاكیتان جێگه‌ی ئەوپەڕی ستایشە.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین، كە ئەركی حكوومەت و دامەزراوە تەندروستییەكانە، دەستباری ئەم ئەركە قورسە پەروەردەییە لەگەڵ دایك و باوكانی خاوەن جگەرگۆشەی ئۆتیزم لە ئەستۆ بگرن، ئەویش بە كردنەوەی ڕێژەیەكی گونجاو لە سەنتەری ڕاھێنان و چارەسەركردن،
ھاوكات ئەركی پەرلەمانی كوردستانە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕِێكخراوە مرۆییەكان، بە یاسایەك ماف و پێداویستییەكانی ئەم توێژە و خانەوادەكانیان دەستەبەر بكرێت. بە تایبەت كە لە ئاماری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ھاتووە؛ لەنێوان ھەر (١٦٠) سەد و شەست منداڵێكدا یەكێكیان گیرۆدەی ئەم دۆخە تەندروستییە خراپ و ناھەموارەی ئۆتیزمن.
دیارە ئەم ڕێژە بەرزەش لێكەوت و كاریگەریی خۆی ھەیە و زۆربەی كاتەكان باوانی مناڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دووچاری خەمۆكی و چەندین جۆری ناسەقامگیریی دەروونی دەبنەوە، بەھۆی ھیلاكیی بەخێوكردنەوە، بێگومان كاریگەرییەكانیشی دەپەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگه‌.
جارێكی دیكە سوپاس و خۆشەویستیی خۆم ئاراستەی ھەموو ئەو دایك و باوكانە دەكەم كە بەوپەڕی میھرەبانییەوە زۆربەی كات و خۆشییەكانی ژیانی خۆیان كردۆتە قوربانی لەپێناو بەخێوكردن و گۆشكردنی منداڵە نەخۆش و تووشبووەكانیان بە ئۆتیزم.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان
٢ی نیسانی ٢٠٢٢