Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵیادی مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفالدا
د. ڕێواز فائق: "ئەنفال برینێكە (٣٤) ساڵە خوێنی لێدەچۆڕێت و لە دەروونی كەسوكار و هەمووماندا ساڕێژ نابێت"

لە (٣٤)ەمین ساڵڕۆژی ئەنفالدا سەری ڕێز و وەفاداری بۆ سەرجەم شەهیدانی جینۆسایدی ئەنفال دادەنەوێنین، ئەنفال برینێكە (٣٤) ساڵە خوێنی لێدەچۆڕێت و لە دەروونی كەسوكار و هەمووماندا ساڕێژ نابێت، ئەم مێژووە ڕەشە لە یاد و یادەوەریی مرۆڤی كورددا مێژوویەكی هێندە پڕ لە ئازار و مەینەتییە كە لێكەوت و كاریگەرییەكانی بۆ هەتا هەتایە له هزر و ویژدانی گەلەكەماندا دەمێنێتەوە، ئەنفال لە بنەڕەتدا تاوانێكی پلان بۆ داڕێژراوی هەمەلایەیەنە بوو، بۆ سڕینەوە و جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان، لەناوبردنی ١٨٢ ھەزار مرۆڤی بێتاوان و سڤیل، وێرانكردنی هەزاران گوند و سووتاندنی هەزاران دۆنم ڕەزو باخ و كانی و ئاو و ژینگەی كوردستان، تاوانێكە كە هەرگیز كاریگەرییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی كۆتایی نایەت.
ئەنفال پرۆسەیەكە هاوشێوەی سەرجەم ئەو جینۆسایدانەی كە لە مێژوودا بەرامبەر بە میللەتەكەمان ئەنجام دراوە لەلایەن ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێَراقەوە، ئەو تاوانەی كە تەنیا لە مێژوودا نەوەستاوە و هەمیشە بە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر خۆی دووبارە كردووەتەوە.
لە پرۆسەی ئەنفالدا دوژمنان جیاوازییان نەكرد لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی گەلی كوردستاندا، لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەكاندا، گەلی كوردستانیش بە كۆدەنگی و یەكگرتووییەوە توانیی بەسەر هەموو ئەو تاوان و مەرگەساتە تراژیدییانەدا سەركەوێت.
ئەمڕۆ لەم یادە پڕ لە ئازارو تراژیدیایەدا لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە جەستەیەكی یەكگرتوو و گوتارێكی نیشتمانی و هەنگاوێكی عەقڵانییە بۆ سەركەوتن بەسەر هەموو ئەو ڕووداو و گۆڕاِنكاری و پێشهاتانەدا كە دێنە پێش، ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژی و نیشتمانییە‌كانی گەلەكەمان و هێنانەدیی خەون و ئاواتەكانی شەهیدان و ئەنفالكراوان.
دەبێت یادی ئەنفال بكەینە سەرەتایەكی نوێ بۆ بەخۆداچوونەوە، یەكگرتوویی و هاوهەڵوێستی بۆ سەرجەم پرسە چارەنووسسازەكان. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەخۆییشدا جارێكی دیكە ئەم مێژووە شەرمهێنەرە وەبیر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنینەوە، بۆ شەرمەزاركردن، بە جینۆسایدناساندنی و قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەویی زیانلێكەوتووانی ئەم تراژیدیایە و كەسوكارەكانیان.
پێویستە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپیر ئەو ڕاسپاردانەوە بێت كە لە ڕِابردوودا لەلایەن لێژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، ئاراستەی حكوومەتیان كردووە، بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری ناوچە زیانلێكەوتووەكان.
نەمری بۆ شەهیدان، نەفرەت لە تاوانكارانی مەرگەساتی ئەنفال و جینۆسایدی خەڵكی كوردستان.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢٢/٤/١٤