Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری پێشمەرگە تاووتوێی چەند پرسێک دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی پەیوەست بەکاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢⁄٨⁄١٦، لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ ھرۆری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.

سەرەتای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان، وەڵامی پێویستیان درایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە کاروان جەمال تاھیر، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی بەریتانیا ئامادەی بوو، گفتۆگو کرا لەسەر بەردەوامیی ھاوکارییەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە، بەتایبەتیش وڵاتی بەریتانیا کە لەماوەی شەڕی داعشدا ھاوکاریی زۆری پێشکەش بە ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە، لەلایەن لێژنەکەی پەرلەمانەوە داوا کرا کە ئەوان وەکو نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە بەریتانیا بەردەوام ھەماھەنگ و ھاوکاربن بۆ لە ھەوڵەکانیان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ھەموو ڕوویەکەوە.