Skip to the content
Menu

لێژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان بەدواداچوون بۆ چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان دەکات

بەمەبەستی گفتووگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە کاروبارى لێژنەكه‌، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٢، لێژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان، بەسەرپەرشتیی هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌ کۆبووه‌وه‌.
لە کۆبووەنەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەسانی کەمدەرامەت، هەروەها باس لە کێشەکانی ڕێگه‌وبان و سستی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان و دواکەوتنیان کرا، بەتایبەت ڕێگه‌ی سلێمانی-گه‌رمیان، کە زۆرترین هاونیشتمانی تێیدا بوونه‌تە قوربانی، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا لێژنەكه‌ به‌هه‌ماهه‌نگیی دەستەی وەبەرهێنان سه‌ردانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بکات بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری هۆكاره‌كان بن و ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ بگیرێته‌به‌ر.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لێژنەكه‌ کرابوون خوێندرانەوە و دوای گفتوگۆی نێوان ئەندامان کاری پێویستیان لەسەر کرا و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کران.