Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی چەند پرسێک تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی تاووتوێكردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕوی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٢، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
سه‌ره‌تای کۆبوونەوەکە خوێندنەوە بۆ ئەو ڕاپۆرت نووسراو و داواکارییانە کرا کە ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتۆگۆکردن وەڵامی پێویستیان درایه‌وه‌.
پاشان سەرۆکی لێژنە تیشکی خستەسەر سەردانی شاندی لێژنەكه‌ بۆ وڵاتی ئەڵمانیا و گرنگیی دیدار و کۆبوونەوەکانی شانده‌كه‌، کە بەشێوەیەکی گشتی سەردانەکە گرنگییەکی تایبەتیی ھەبوو بۆ دروستکردنی پەیوەندیی پەرلەمانی له‌نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی ئەڵمانیادا.
لە تەوەرێکی دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تاووتوێی کێشەی ١٥ گەنجی کورد لە تورکیا کرا، کە دوای دەستگیرکردنیان خراونەتە کەمپێک کە خەڵکی سووریا تێیدا دەژین، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنە بڕیاری دا لەگەڵ کونسوڵی تورکیا لە ھەرێمى كوردستان تاووتوێی ئەو بابەتە بکات بەمەبەستی چارەسەرکردنی.
شایانی وتنه‌ پێش ساڵێکیش کێشەیەکی لەو شێوەیە ھاتە پێشەوە کاتێک ٧٥ لاوی کوردستان کە مەبەستیان بوو لە ڕێگەی ئاوەوە بپەڕنەوە بۆ یۆنان، به‌ڵام لەلایەن پۆلیسی تورکیاوه‌ دەستبەسەر کران و دیپۆرتی سوریا کران لە ناوچەی عەزاز، دوای سەردانی لێژنەی پەیوەندییەکان ڕه‌وه‌ندى كوردستانی بە سەرۆکایەتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سه‌رۆكی لێژنه‌كه‌ بۆ لای كونسوڵی تورکیا ئەو پرسە چارەسەر کرا و ئەو ٧٥ ھاووڵاتییە ئازاد کران و گەڕانەوە کوردستان.
هه‌ر له‌ کۆبوونەوەدا، تاووتوێی سەردانیكردنی لێژنه‌كه‌ بۆ لای کونسوڵی نوێی وڵاتی کۆریاى باشوور لە ھەولێر کرا، کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت بەمەبەستی پیرۆزباییکردن لێی به‌بۆنه‌ی دەستبەکاربوونى.