Skip to the content
Menu

لێژنەی تەندروستی بەدواداچوون بۆ دەنگۆی فرۆشتنی گۆشتی بەراز بەناوی گۆشتی مەڕوماڵات دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و به‌دواداچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگی پەیوه‌ست بەکاری لێَژنەكه‌، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٨/١، لێژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر، بەسەرپەرشتیی د. سەباح زێباری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌ کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی لێژنە تیشکی خستەسەر دەنگۆی بڵاوبوونەوەی گۆشتی بەراز و گوێدریژ لە بازاڕەکانی کوردستان و فرۆشتنی بەناوی گۆشتی مەڕوماڵات بە هاووڵاتییان.
پاشان بەختیار شوکری، ئەندامی لێژنەكه‌ کە بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و تائێستاش لە بەدواداچوونەکانی بەردەوامە، ڕایگەیاند: "دوای گەیشتن بە زانیاریی ورد لەسەر ئەو دەنگۆیانه‌، بە نووسراوێک لێژنەكه‌ ئاگادار دەکاتەوە".
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لێژنەكه‌ کرابوون، خوێندرانەوە و دوای گفتوگۆی نێوان ئەندامان کاری پێویستیان لەسەر کرا و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارکران بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان.