Skip to the content
Menu

په‌یامی پیرۆزبایى د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بەڕێز بافڵ جه‌لال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان..
‏‎بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتان بەسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
‏‎وەرگرتنی متمانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ڕاسپاردنتان بەو ئەرکە گرنگە، بەرپرسیارێتییەکی قورسە و پێسپاردنی مێژووی پڕ سەروەریی یەکێتی و ئەمانەتی ڕووباری خوێنی شەهیدەکانی و کەلتووری سیاسیی میانڕەوانەی سەرۆك (مام جەلال)ە، لە قۆناغێکی سەخت و لە سایەی هەلومەرجێکی هەستیاری هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا.
‏‎لەو ڕوانگەیەوە هیوادارم بەبڕیار و هەڵوێستی دروست، هاوشان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی کاریگەر لە گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ عێراق و چەسپاندنی ئارامیی سیاسی و دەروونی بۆ هەرێمی کوردستان بگێڕن، بە ئاراستەی فەراهەمکردنی تەواوی ماف و ئازادییە گشتییەکان و خزمەتکردنی هاونیشتیمانییان و وەڵامدانەوەی خواست و داواکارییە ڕەواکانیان.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢٢/٨/٢٩