Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سەردانی کونسوڵخانەی تورکیا ده‌كات

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٨، شاندێکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرۆکایەتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئەندامیەتیی محه‌مه‌د سه‌عده‌دین ئه‌نوه‌ر، ئەندامی لێژنە و د. ڤیان یوسف ئیلیا، ڕاوێژکاری لێژنەكه‌، سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتی تورکیاى لە ھەولێر کرد و لەگەڵ جێگری کونسوڵی تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی لێژنەكه‌ى په‌رله‌مان کێشەی ١٥ گەنجی کوردى خسته‌ڕوو کە دوای دەستگیرکردنیان لە تورکیا خراونەتە کەمپێک کە خەڵکی سوریاى تێدا دەژی، ھەروەھا پرسی ئەو گەنجەی کە دیپۆرتی سوریا-ناوچەی عەزاز کرابوو، لەگەڵ جێگری کونسوڵی تورکیا لە ھەرێمى كوردستان تاووتوێ کرد، بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەکردنی.
دواتر جێگری کونسوڵی تورکیا بەڵێنی ئەوەی بە شاندی لێژنەی پەیوەندییەکان دا کە ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
له‌ به‌رامبه‌ردا سەرۆکی لێژنەى په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانى سوپاس و پێزانینی لێژنەکەیانی پێشکەش بە ستافی کونسوڵخانەی تورکیا کرد بۆ بەدەمەوەھاتنی کێشە و گرفتەکانی کۆچبەرانی کورد کە لەڕێگه‌ی لێژنەكه‌یانه‌وە دەخرێنە بەردەم کۆنسوڵخانەکەیان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ھەردوولا جەختیان لەسەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی زیاتری نێوانیان کرده‌وه‌ و بە پێویستیان زانی تا چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە پەیوەندی دابن.