Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە به‌دواداچوونه‌كانى بۆ پرسى دیپۆرتكردنی گه‌نجێكی كورد بۆ سوریا بەردەوامە

بەمەبەستی تاووتوێکردنى بەدواداچوونه‌ به‌رده‌وامه‌كانى لێژنه‌كه‌ بۆ پرسی دیپۆرتكردنی گه‌نجێكی كورد بۆ وڵاتی سوریا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/١٢/٢٠، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوه‌كه‌دا، پرسی دیپۆرتکردنی گەنجێکی هەرێمی کوردستان بەناوی (محه‌مه‌د عه‌بدوڵا حه‌مه‌د) خرایه‌وه‌ به‌رباس، کە دوای ئەوەی ویستوویەتی بەڕێگه‌ی قاچاخ بچێتە ئەوروپا، بەڵام لە تورکیا دەستبەسەر کراوە و دواتر ناردوویانە بۆ شاری عەزاز لە وڵاتی سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش خێزانی ئەو گەنجە داوایەکیان ئاراستەی لێژنەى په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندى كوردستانی کردووە و تێیدا داوایان له‌ لیژنه‌كه‌ كردووه‌ هەموو هەوڵێکى خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان.
پێویستە بووترێت لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لەسەر ھەمان داواکاری لەماوەی ڕابردوودا چەندین سەردان و بەدواداچوونى بۆ ئەو پرسە کردووه‌ و بڕیاریشە بەیانی لێژنەکە سەردانی کونسوڵخانەی تورکیا بکات، هه‌م بەمەبەستی پیرۆزباییکردن لە کونسوڵی تازه‌ دەستبەکاربووی ئەو وڵاتە له‌ هه‌رێمی كوردستان و ھەمیش قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی ئەو گەنجە کوردەی کە دیپۆرتی سووریا کراوە.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکه‌ى ئەمڕۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر گرانیی نرخی ڤێزای وڵاتی تورکیا و ئەو کێشە و ئاستەنگانەى لەکاتی سەفەرکرن بۆ ئەو وڵاتە دێنە بەردەم ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.