Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم پێشوازیی له‌ شاندێكی یۆنامی كرد

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/١٢/١٨، لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم، بەسەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونى جه‌مال ھه‌روتی، جێگری سەرۆکى لێژنە و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، پێشوازیی لە مۆنیارتزی مۆتسی، ڕاوێژکاری سیاسی و بەرپرسی بەشی سیاسی لە یۆنامی و شاندی یاوه‌ری کرد،
لە دیدارێکدا، سەرۆکی لێژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان، وێڕای بەخێرھێنانی شاندی یۆنامی بۆ سه‌ردانی لێژنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، بە وردی و چڕی تیشکی خستەسەر ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم بە گشتی و باسى لەو دوخە نالەبارە كرد کە لە ئێستادا لەو ناوچانە دەگوزەرێت، ھەروەھا باس لەو ھەنگاوانە کرا کە لە کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق نراون بۆ چالاكکردنی لێژنەکانی ماددەی ١٤٠ و ھیوای خواست ئەو ھەنگاوانە جدیبن تا گەیشتن بە تەواوی چارەسەریی کێشەکانی خەڵک و ئەو ناوچانە، سەرۆکی لێژنەكه‌ی په‌رله‌مان داواى لە شاندی یۆنامی کرد ئەوانیش ھاوکار و ھەماھەنگ بن بۆ ئەو بابەتە.
لاى خۆیه‌وە ڕاوێژکاری سیاسی و بەرپرسی بەشی سیاسی لە یۆنامی، خۆشحاڵیی خۆی بەو پێشوازییە دەربڕی و ھیوای خواست کە حکوومەتی ھەرێم و ناوەند لەسەر ھەموو پرسەکان بگەنە ڕێکكەوتن و چارەسەریی ڕیشەیی بۆ گشت پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بدۆزنەوە.