Skip to the content
Menu

شاندێكی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزیی یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی ھاوبەشی نێوان لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١٢/٢١، شاندێکی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان، کە پێکھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆکی لێژنە، وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لێژنە و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا، ئەندامی لێژنەكه‌، سەردانی بارەگای مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستانی كرد و لەلایەن د. عه‌بدوڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایان و جێگری سەرۆک و ژمارەیه‌ك لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزیی یەکێتییه‌كه‌وه‌ پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارێكی یەک کاتژمێریدا، باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی زانایانی ئاینیی ئیسلام لە خزمەتکردن و بڵاوکردنەوەی پەیامی دیندارى و خوداناسی و بەھا پیرۆزەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگه‌ لە بەرەنگاربوونەوەی ھزری تەکفیری و تووندڕۆیی و داعش كرا و جەخت لەسەر په‌ره‌پێدانی زیاتر بە پەیامی برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ى نێوان سه‌رجه‌م پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانى هه‌رێمی كوردستاندا.
پاشان گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە كاروباری زانایانی ئاینی کرا، بە تایبەت داواکاریی مامۆستایانی ئاینیی خۆبەخش، کە بۆ چەندین ساڵ دەچێت به‌بێ مووچە لە مزگەوتەکان خزمەت دەكەن، تەنھا ماوە ماوە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییه‌وه‌ ھاوکاری دەکرێن، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیه‌ک بۆ جێبه‌جێكردنی داواکارییەکەیان بەھەر شێوازێک بێت کە لە توانای دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بێت.
لە بەشێکی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، شاندی لێژنەکەى په‌رله‌مان سوپاس و دەستخۆشیی ئاراستەی سەرۆکی یەکێتیی زانایان کرد لە ھەمبەر نووسینی کتێبی (علما‌‌‌‌ء الدین الأسلامي فی کوردستان فی مواجهة داعش)، ئەمەشیان بە خزمەتێکی گرنگ و پێویست وەسف کرد بۆ خستنەڕووی ڕۆڵی مامۆستایانی ئاینی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا.
لای خۆیانەوە مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایان، سوپاس و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی لەھەمبەر ھەماھەنگییەکانی لێژنەی ئەوقاف و کاروبای ئاینی لەگەڵ یەکێتیی زانایان و سەرجەم دامەزراوە ئاینییەکانی تری کوردستان، ھیوایان خواست بەردەوامیی زیاتر بەم ھەماھەنگییە بدرێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی مامۆستایانی ئاینی و ڕەوشی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستاندا.