Skip to the content
Menu

بە داوەتنامەیەکی فەرمی ‏‎د.هێمن هەورامی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ‏‎

د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە داوەتنامەیەکی فەرمی، ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۰۲۲/۲/۲۰ گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیای فیدڕاڵ و بڕیارە سبەی دووشەممە بەشداری لە کۆڕبەندێکی ئەو وڵاتەدا بکات.

سەردانەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە داوەتنامەی فەرمی دامەزراوەی دیالۆگی (ڤاڵدایی)یە، کە ساڵانە دیدارێک لەبارەی پرسە جیهانییەکان بۆ شارەزا و ئەکادیمیست و کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەراست رێکدەخات.

وا ‏‎بڕیارە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و بەشداربووانی کۆڕبەندەکە ئەنجام بدات.

هەر لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ، بڕیارە د.هێمن هەورامی سەردانی پەرلەمانی رووسیا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پەرلەمانەکە تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کوردستان و پەرلەمانی رووسیا بکات بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە رووی یاسادانان و ئاڵوگۆری زانیاری لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانیدا.

شایانی باسە، (ڤاڵدایی) دامەزراوەیەکی باڵای زانستیی ڕوسییە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسە گرنگە جیهانییەکان، لە ساڵی ۲۰۰٤ دامەزراوە و ساڵانە کۆڕبەندێکی تایبەت بۆ دروستکارانی بڕیار و شارەزایان و پسپۆران رێکدەخات.