Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم سەردانی مەخمور دەکات

بەمەبەستی تاوتوێکردن وبەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی پەیوەندیدار بەکاری لێژنەکە، پێش نیوەڕوی ئەمڕۆ سێشەممە ١/٢/٢٠٢٢ لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە سەرپەرشتی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لێژنە و بە ئامادەبوونی جێگر و ئەندام و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.

سەرەتای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی ئەو ڕاپۆرت نووسراوانەی کە ئاراستەی لێژنەکە کرابوون لەوانەش ڕاپۆرتی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم. پاشان لەلایەن لێژنەوە بە تێر و تەسەلی گفتوگۆ لەسەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکان کرا، بۆ ئەم پرسەش لێژنە بریاریدا ڕاپۆرتێک ئامادەبکات و ئاراستەی حکومەتی ھەرێمی بکات بۆ ئەوەی لەسەروبەندی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق شاندی دانوستکار ئاراستەی حکومەتی عێراق بکات، بۆ ئەوەی ببێتە خاڵێکی سەرەکی لە بەرنامەی کاری حکومەتی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور.

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە گفتۆکردن بوو لەسەر کێشە و گرفتەکانی مەخمور و دەوروبەری، لەمبارەیەوە لێژنە بریاریدا بەیانی ڕۆژی چوارشەممە سەردانی مەخمور بکات بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەو گرفتانەی کە رووبەروویان بوونەتەوە.