Skip to the content
Menu

لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازيی لە شاندێكی باڵای یەکێتيی مامۆستایانی کوردستان کرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/٧، لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌سه‌رپه‌رشتیى عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ڕی، سه‌رۆكی لێژنه ‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه ‌و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕِاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەکێتيی مامۆستایانی کوردستان کرد.

سەرەتای كۆبوونه‌وه‌‌كه‌، سه‌رۆكی لێژنه بەخێرھاتنێکی گەرمی میوانەکانی کرد و ھاتنی یەکێتيی مامۆستایانی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەرز نرخاند بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو مامۆستا بە ئەزموونانە و وەرگرتنی سەرنج و پێشنیارەکانیان لەسەر پرۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری.

پاشان شاندی باڵاى یەکێتيی مامۆستایان گفتوگۆیان کرد لەسەر زۆربەی ماددە و بڕگەکانی ناو پڕۆژەیاساکە و سەرجەم تێبینی و پێشنیارەکانیان لە یاداشتێکدا پێشکەش بە لێژنەی پەروەردە کرد.

لەکۆتاییدا لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بەڵێنی بە ھەندوەرگرتنی یاداشتەکەیان دا و وەک لێژنەی تایبەتمەند دیراسەی خاڵەکانی دەکەن بۆ دەوڵەمەندکردن و تۆکمەکردنی پرۆژەیاساکە.